مەسرور بارزانی پیرۆزبایی لە نادییە موراد دەکات
"دەنگێکی بەهێزی بەخشییە ئێزدییەکان"

K24- ههولێر:
مەسرور بارزانی، راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی، نادییە موراد کرد.
مەسرور بارزانی لە پەیامەکەی وێڕای پیرۆزبایی کردن، نووسیویەتی: "نادییە موراد دەنگێکی بەهێزی بەخشییە خەڵکی ئێزدی و ئەو مرۆڤانەی بازرگانیان پێوەدەکرێت، هەوڵی پاراستنی مافەکانیانی داوە و داوای دادپەروەری دەکات".
ئەمڕۆ هەینی، نادیە موراد کچە چالاکوانی ئێزدی و دێنیس مەکویگ، پزیشکی قوربانیانی دەستدریژی سێکسی کۆنگۆیی، لە وڵاتی نەرویج خەڵاتی نۆبڵێ ئاشتییان بۆ ساڵی 2018 پێبەخشرا کە ئەو خەڵاتە تایبەتە بەو کەسانەی ژیانیان بۆ ئاشتی جیهانی تەرخاندەکەن و لە پێناوی دەجەنگن.
نادیە موراد، لە دایکبووی ساڵی 1993یە، کچە چالاکوانێكی ئێزیدییە کە دوای ئەوەی لە مانگی ئابی ساڵی 2014، شارۆچكەی شنگال كەوتە دەست رێكخراوی داعش نادیە وەك زۆر لە كچانی دیكەی ئێزیدی رفێنرا، لە رۆژی 14/9/2014 نادیە لە دەستی داعش رزگاربوو، دوای رزگاربوونی چاوی بە زۆرێك لە سەرۆك و سەركردە دیارەكانی جیھان كەوت و ناوبراو بانگهێشتی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودهوڵهتى کرا و لەوێ باروودۆخی ئێزيدییەکان و تاوانەكانی داعشی بۆ جیھان گێڕایەوە، لە 5ی کانوونی دووەمی 2016 حکوومەتی عێراق نادییەی بۆ خەڵاتی نۆبڵ لە ئاشتی هەڵبژارد.
براوەکەی تر، دێنیس ماکويگه کە خاوەن نەخۆشخانەیەکی تایبەت بەخۆیەتی بە ناوی پانزی لە شاری بوکاڤ لە کۆنگۆ، تێيدا چارەسەری ئەو ژنانە دەکات کە لەلایەن چەکدارە یاخییەکانی کۆنگۆوە دەستدرێژی سێکسیان دەکرێتە سەر و ئەشکەنجە دەدرێن.
H.J