مامۆستایەكی ئاینی لە ھەولێر خۆی كوشت
"لەناو مزگەوت گولـلەی لەخۆیداوە"
K24 - ھەولێر
ئەمڕۆ 22/10/2018، مامۆستایەكی ئاینی لە یەكێك لە مزگەوتەكانی شاری ھەولێر خۆی كوشت.
رائید ھۆگر عەزیز، گوتەبێژی پۆلیسی ھەولێر بە كوردستان24 راگەیاند: "ئەمڕۆ مامۆستایەكی ئاینی بەناوی عەبدوڵڵا ئەحمەد، لە مزگەوتی شێخ مستەفا لە ھەولێر بە كلاشینكۆف گولـلەی لەخۆیداوە و گیانی لەدەستداوە".
گوتیشی: "بەپێی زانیارییە سەرەتاییەكان ئەو مامۆستایە پێشتر پێش نوێژ و وتارخوێنی ئەو مزگەوتە بووە، بەڵام خانەنشین كراوە و رۆژانە لەو مزگەوتە كاتەكانی بەسەربردووە".
ئەوەشی خستەڕوو: "بەپێی وتەی كوڕەكانی ئەو مامۆستایە تووشی نەخۆشی دەروونی و خەمۆكی بووە".
گوتەبێژی پۆلیسی ھەولێر راشیگەیاند: "لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە دەستیپێكردووە و لە ماوەی داھاتوودا ئەنجامی لێكۆڵینەوەكان دەخەینەڕوو".
ھ.م