ئه‌ردۆغان: خاشوقچی به‌ دڕه‌ندانه‌ كوژراوه‌

زانیاری نوێ و نەبیستراو ئاشکرادەکات

K24 – هه‌ولێر:

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، لە میانی پێشکەشکردنی وتارێک لە پەرلەمانی تورکیا، هەڵوێستی تورکیا و چەند زانیارییەکی لەبارەی کوشتنی جەمال خاشوقچی ئاشکراکرد و گووتی: "خاشوقچی به‌شێوه‌یه‌كی دڕندانه‌ كوژراوه‌".

ئەردۆغان رایگەیاند: "رۆژی 2/10 كه‌ جه‌مال خاشوقچی چووه‌ته‌ ناو كونسوڵخانه‌كه‌، هاردی کامێراکانی چاودێری كونسوڵخانه‌ی سعوودیه‌ش ده‌رهێنراوه‌، کونسوڵخانەی سعوودییە لە تورکیا پەیوەندی بە جەمال خاشوقچی کردووە و کوشتنی ئەو رۆژنامەنووسە پلان بۆ دارێژڕاو بووە".

سەرۆکی تورکیا دەڵێت: "تیمێکی 15 کەسی لە رۆژی کوشتنی خاشوقچی چوونەتە ناو کونسوڵخانەی سعوودییە و پاش ئه‌وه‌ ئەو رۆژنامەنووسە لە کونسوڵخانە نەهاتۆتە دەرەوە".

گووتیشی: "تورکیا لەو رووداوە خۆشنابێت چونکە لەناو سنوور و دەسەڵاتی تورکیادا ئەو کوشتنە ئەنجامدراوە و یاسا نێودەوڵەتییەکان رێگا بە کوشتن لە رێگای نوێنەرایەتی و دیپلۆماتکاران نادات".

سەرۆکی تورکیا داوا لە پاشا سەلمان دەکات ئەو رووداوە بە شێوەیەکی روون ئاشکرابکات و دەشڵێت: "شا سەلمان نیازی پاکە".

لە 2ی تشرینی یەکەم، جەمال خاشوقچی، رۆژنامەنووسی دیاری سعوودی، لەکاتی چوونی بۆ کونسوڵخانەی سعوودییە لە تورکیا، بێسەروشوێنکرا و دواتر کوژرانی راگەیەندرا.

H.J