لە رۆژی دووەمی دیداری مێری چەند پانێڵێك بەڕێوەدەچن
دیداری مێری بە سپۆنسەریی میدیایی كوردستان24 بەڕێوەدەچێت
K24 - ھەولێر
بە سپۆنسەریی میدیایی كوردستان24 ئەمڕۆ دووەم رۆژی دیداری مێری بۆ ساڵی 2018، لە شاری ھەولێر بەڕێوەدەچێت، كە چەندین كەسایەتی سیاسی و خاوەن بڕیار لەناوخۆ و دەرەوەی ھەرێمی كوردستان بەشداری لە پانێڵەكاندا دەكەن.
بە گوێرەی پڕۆگرامی دیدارەكە لە رۆژی دووەمی دیداری مێری و لە پانێڵی پێنجەمی دیدارەكە و یەكەم پانێڵی رۆژی دووەم بەناونیشانی "سهقامگیریی یاسایی له عێراق و رۆڵی كۆمهڵگای نێودهوڵهتی" کاتژمێر 9ی بەیانی دەستپێكرد. ھەر یەك لە برونۆ پاسکینۆ، باڵیۆزی ئیتاڵیا لە عێراق، هانسی ئێسکوبار، باڵیۆزی ئیسپانیا لە عێراق، ئێریک ستراتینگ، جێگری باڵیۆزی هۆڵەندا لە عێراق، جۆن تاکنات، جێگری باڵیۆزی بەریتانیا و تانیا گلی، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراق بەشداربوون.
ھەر لە رۆژی دووەمی دیدارەكە "هێزە ناوچهیی و نێودهوڵهتیەكان له رۆژههڵاتی ناڤین: دەرفەتەكانی ململانێ و هاوكاری" دەبێتە ناونیشانی پانێڵی شەشەم و ئیبتسام ئەلکیتبی، دامەزرێنەر و سەرۆکی سەنتەری سیاسی ئیمارات. تەها ئۆزان، بەڕێوەبەری توێژینەوە لە ئینستیتیوتی ئەنكەرە و سەرۆكی پێشووی لێژنەی كاروباری دەرەكی لە پەرلەمانی توركیا. رەنج عەلائەدین، لێکۆڵەری پێشکەوتوو لە ئینستیتیوتی بروكینز و محەمەد بن سەغەر ئەلسولەیمی، سەرۆكی ئینستیتیوتی نێودهوڵهتی بۆ دیراساتی ئێران لە شانشینی سعوودییە قسەکەرەکان دەبن. ستیڤن بلۆکمانز لە سەنتەری لێکۆڵینەوەی سیاسەتی ئەوروپی لە برۆکسڵ وەک سەرپەرشتیار بەشداردەبێت.
ھ.م