لەبارەی مووچەی مامۆستایان و پشووی رۆژانی شەممە روونكردنەوە دەدرێت
دەرچوانی دوو كۆلیژ وەك وانەبێژان دادەمەزرێن
K24 - ھەولێر
وەزیری پەروەردە و فێركردنی ھەرێمی كوردستان لەبارەی گەڕاندنەوەی پشووی رۆژانی شەممە لە قوتابخانەكان روونكردنەوە دەدات و راشیدەگەیەنێت، ھەوڵدەدرێت لە كابینەی داھاتووی حكوومەتی ھەرێم مووچەی مامۆستایان وەك خۆی لێبكرێتەوە.
پشتیوان سادق، وەزیری پەروەردە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "پشووی رۆژانی شەممە لە قوتابخانەكان تەنھا ساڵی پارھەبووە و پێشتر ئەو پشووە نەبووە، زۆربەی قوتابخانەكانمان دوو دەوامیان تێدا دەكرێت، ئەگەر رۆژی شەممە پشووبێت، قوتابیان كەمتر وانە دەخوێنن و زەرەر دەكەن".
گوتیشی: "ھەوڵدەدەین لە كابینەی داھاتوو مووچەی مامۆستایان وەك خۆی لێبێتەوە و ژیان و گوزەرانی مامۆستایان باشتر بكرێت".
وەزیری پەروەردە راشیگەیاند: "ئەگەر پڕۆژەی چاكسازی لە پەرلەمانی كوردستان پەسندكرابایە ئێستا كێشەی مووچە نەدەبوو، بەڵام ئاسۆ روونە كە كێشەی مووچە چارەسەر بكرێت".
سەبارەت بە دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ پشتیوان سادق، گوتی: "دەرچووانی كۆلیژی پەروەردە و بنیات بەپێی پێویستی قوتابخانەكان و رێنمایییەكان ئەو بۆشاییەی كە لە ناوەندەكانی خوێندن ھەیە پێیان پڕدەكرێتەوە".