گۆڕان و كۆمەڵ ھەنگاوەكانیان یەكدەخەن
تانە لە ئەنجامەكانی ھەڵبژاردن دەدەن
K24 - سلێمانی
ئەمڕۆ بزووتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی لە شاری سلێمانی بە ئامادەبوونی كەسی یەكەمی ھەردوولا كۆبوونەوە، دوای تەواوبوونی كۆبوونەوەكە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایانگەیاند، كە پێكەوە ھەنگاو دەھاوێژن و تانە لە ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەدەن.
شۆرش حاجی، گوتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان لە دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەی نێوان کۆمەڵی ئیسلامی و بزووتنەوەی گۆڕان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "لەگەڵ کۆمەڵی ئیسلامی تانە لە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن دەدەین و لەسەر ئەنجامدانی کاری هاوبەشی نێوان هەردوولاش بەردەوامدەبین".
گوتەبێژی گۆڕان راشیگەیاند: "تائێستا هەردوولا بڕیارمان نەداوە، کە بەشداری لە حکوومەت دەکەن یاخود نا، بەڵام پێكەوە یان بە راوێژ لەگەڵ یەكتر ھەنگاودەنێین".
هاوکات رێبوار حەمەد، گوتەبێژی کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان سەبارەت بە بەشداریکردنیان لە حکوومەتی داهاتووی عێراق گوتی: "پشکی کورد لە بەغدا دەبێت پشکی هەموولایەنەکان بێت و دەبێت لەپێناو بەرژەوەندی گشتی بێت".
جەختیکردەوە، دوای راگەیاندنی کابینەی نوێی حکوومەت هەڵوێستی فەرمیان لەوبارەیەوە دەبێت.