یاری په‌بجی "Pubg" له‌هه‌ندێ حاڵه‌تدا حه‌رام ده‌كرێت
لێژنه‌ی فه‌توای سلێمانی سنوورێك بۆ یاری "Pubg" دیاریده‌كات
K24- هه‌ولێر:
لێژنه‌ی فه‌توا له شاری سلێمانی ئه‌و حاڵه‌تانه‌ی دیاریكرد، كه یاری په‌پجی "Pubg" تێیدا حه‌رامه، كه یاریێكی ئه‌لیكترۆنییه و ملیۆنان كه‌سی له سه‌رانسه‌ری جیهان به‌خۆیه‌وه سه‌رقاڵ كردووه.
له‌مباره‌یه‌وه عیرفان ره‌شید، مامۆستای ئاینی و هاوكات سه‌رۆكی لێژنه‌ی فه‌توای سلێمانیی سه‌ر به یه‌كێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی له كوردستان، له لێدوانێكی تایبه‌تدا بۆ كوردستان 24 باسی حه‌ڵاڵ و حه‌رامی ئه‌و یارییه ده‌كات و روونیكرده‌وه، "له كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی لێژنه‌ی فه‌توا تاوتوێی ئه‌و بابه‌ته‌مان كرد و گه‌یشتینه ئه‌و بڕیاره‌ی كه نابێت ئه‌و یارییه كاریگه‌ری له‌سه‌ر ئه‌رك و كاره‌كانی به‌كارهێنه‌ره‌كه‌ی درووست بكات".
هه‌روه‌ها گوتی: "ئێمه ناتوانین به‌شێوه‌یه‌كی ره‌ها بڵێین ئه‌م یاریه حه‌رامه، چونكه هیچ گرفتێكی شه‌عی تێدا نابینین، به‌ڵام بۆ كه‌سێكی وه‌ك قوتابی كه تاڕاده‌یه‌كی زۆر ئاڵووده‌ی ئه‌م یارییه بووه كه نه‌یتوانیوه بچێته قوتابخانه، یاخۆد كارمه‌ندێكی فه‌رمانگه‌یه‌ك به‌هۆی ئه‌و یارییه‌وه نه‌یتوانیوه ئه‌ركی سه‌رشانی به‌ئه‌مانه‌ته‌وه جێبه‌جێ بكات، یانیش هه‌ر پیشه‌وه‌رێكی دكیه كه به‌هۆیه‌وه كه‌مته‌رخه‌می له پیشه‌كه‌یدا كردبێت، ئه‌وا ئه‌م یارییه بۆ ئه‌و كه‌سانه حه‌رامه".
سه‌رۆكی لێژنه‌ی فه‌توای سلێمانی دووپاتیكرده‌وه، "ئه‌گه‌ر به‌كارهێنه‌ر رۆژانه بۆماوه‌ی ته‌نیا چه‌ند خوله‌كێك ئه‌م یارییه بكات و كاریگه‌ری له‌سه‌ر ژیانی رۆژانه‌ی نه‌بێت، ئه‌وا شتێكی ره‌وایه و ناكرێت بڵێن حه‌رامه".
سه‌باره‌ت به هۆكاری كۆبوونه‌وه‌ی لێژنه‌ی فه‌توای سلێمانیش له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته، عیرفان ره‌شید ئاشكرایكرد، "چه‌ندین كه‌س په‌یوه‌ندی به ئێمه‌وه كردووه و گله‌ییان له كه‌سه نزیكه‌كانیان كردووه كه به قووڵی ئاڵووده‌ی ئه‌و یارییه بوونه، دواتریش چه‌ندین زانیاری به‌ده‌ستمان گه‌یشتووه، كه چه‌ندین كێشه و گرفتی زۆری خێزانی له‌سه‌ر ئه‌م یارییه له‌ناو خێزانه‌كاندا درووست بووه، بۆیه بڕیارماندا له كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆماندا كاتێكی باشی بۆ ته‌رخان بكه‌ین و دواجار گه‌یشتینه ئه‌و بڕیاره‌ی كه ئاماژه‌مان پێكرد".
له‌چه‌ند مانگی رابردوودا، یاری "Pubg" توانی هێزی خۆی به‌سه‌ر هه‌موو یارییه ئه‌لیكترۆنییه‌كاندا له‌سه‌ر ئاستی جیهان بسه‌پێنێت.
ده‌سته‌واژه‌ی "Pubg" كورتكراوه‌ی PlayerUnknown’s Battlegroundsـه‌وه‌یه و له جۆری یارییه‌كانی "باتڵ گراوند"ـه، پوخته‌ی ئه‌و یارییه ئاماژه‌یه بۆ چه‌ند جه‌نگێكی جیاواز، یاریزانانی ئه‌و یارییه له سه‌رانسه‌ری جیهان له‌ڕێگه‌ی ئینته‌رنێته‌وه به‌شداری تێدا ده‌كه‌ن، له هه‌ر یارییه‌كدا 100 یاریزان داده‌به‌زنه سه‌ر نه‌خشه‌یه‌ك، كه پڕه له ئامێر و كه‌لوپه‌ل و چه‌كی جیاواز، دواتر هه‌موویان رووبه‌ڕووی یه‌كتر ده‌بنه‌وه و یه‌كتریان ده‌كوژن تا سه‌رجه‌میان ده‌مرن و له‌كۆتاییدا ته‌نیا یه‌ك یاریزان به‌زیندوویی ده‌رده‌چێت.
H.B