ئانچیلۆتی: هه‌ڵه‌ گه‌وره‌كه‌ی كریستیانۆ ئاشكرا ده‌كات

ئانچیلۆتی به‌ پێكه‌نینه‌وه‌ باسی كریستیانۆ ده‌كات

ئانچیلۆتی راهێنه‌ری ئێستای یانه‌ی ناپۆلی ئیتاڵیا له‌ باره‌ی په‌یوه‌ندیكردنی كریستیانۆ به‌ یانه‌ی یوڤێنتۆس وه‌ڵامی رۆژنامه‌نووسێكی به‌پێكه‌نینه‌وه‌ دایه‌وه‌ و جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ كریستیانۆ هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره‌ی كردووه‌ به‌ رۆیشتنی بۆ یوڤێنتۆس.

ئانچیلۆتی راهێنه‌ری پێشووی یانه‌ی ریال مه‌درید كه‌ پێشتر به‌یه‌كه‌وه‌ له‌گه‌ڵ كریستیانۆ نازناوی چامپیۆنزلیگیان بۆ ریال مه‌درید برده‌وه‌، ده‌ڵێت: كریستیانۆ بریارێكی دروست و گه‌وره‌ی دا كه‌ په‌یوه‌ندی به‌ سێریا ئه‌ی ئیتاڵیا كرد، به‌ڵام هه‌ڵه‌ی كرد كه‌ یانه‌ی یوڤێنتۆسی هه‌ڵبژارد (به‌پێكه‌نینه‌وه‌).

ئانچیلۆتی ده‌شڵێت: پێشتر خولی ئیتاڵیا شوێنی گه‌وره‌ترین ئه‌ستێره‌كانی جیهان بوو، ده‌یان ئه‌ستێره‌ی به‌ وێنه‌ی پلاتینی، مارك ڤان باستن، رۆناڵدۆی به‌رازیلی، شیڤچینكۆ و زێدان یارییان له‌و خوله‌ كردووه‌.

ئانچیلۆتی گوتیشی: خۆزگه‌ كریستیانۆ له‌ جیاتی یوڤی په‌یوه‌ندی به‌ ئه‌یسی میلان یان ناپۆلی كردبا كه‌ من راهێنه‌رایه‌تی له‌م دوویانه‌یه‌ كردووه‌.

ئانچیلۆتی له‌ باره‌ی ئاستی تیپه‌كه‌ی له‌م وه‌رزه‌ گوتی: ناپۆلی ئێستا هی سه‌رده‌می هه‌شتایه‌كان نییه‌ كه‌ پێشتر تیپه‌كه‌ خاوه‌نی دیێگۆ ئه‌رماندۆ ماڕادۆنا بوو، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئێمه‌ خاوه‌نی پێكهاته‌یه‌كی خوێنگه‌رم و لاوین ده‌توانن بۆ چه‌ندان ساڵی تر سوود به‌ ناپۆلی بگه‌یه‌نن.