پۆلیسی ھەولێر: ناسنامەی تەقەكەرەكەی ئیسكان ئاشكرایە
"پیاوەكە گیانی لەدەستداوە و ژنەكەی بریندارە"
K24 - ھەولێر
شەوی رابردوو لە گەڕەكی ئیسكانی شاری ھەولێر تەقە لە ژن و پیاوێك كرا كە ھاوسەری یەكتربوون، لە ئەنجامدا پیاوەكە گیانی لە دەستدا و ژنەكە بریندارە. پۆلیسی ھەولێر رایدەگەیەنێت، ناسنامەی بكوژەكە ئاشكراكراوە، بەڵام ھێشتا كەس لەسەر ئەو رووداوە دەستگیرنەكراوە و لێكۆڵینەوە دەستیپێكردووە.
رائید ھۆگر عەزیز، گوتەبێژی پۆلیسی ھەولێر بە كوردستان24 راگەیاند: "شەوی رابردوو لە گەڕەكی ئیسکانی شاری ھەولێر تەقە لە ژن و مێردێك دەکرێ و پیاوەکە گیانی لەدەستدا و ژنەکەش برینداربووە".
گوتیشی: "ناسنامەی بكوژەكە ئاشكراكراوە و لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە دەستیپێكردووە، بەڵام ھێشتا كەس لەسەر ئەو رووداوە دەستگیرنەكراوە".
روونیكردەوە: "ئەو رووداوە لە ئەنجامی كێشەیەكی كۆمەڵایەتی بووە و ئەو كەسەی تەقەی لێكردوون، پێشتر ھاوسەری ژنەكە بووە".