باڵیۆزی رووسیا دوا رووداوه‌كانی ساڵی رابردووی هه‌رێمی كوردستان دێنێته‌وه‌ به‌رباس

رووسیا پێگه‌ی ئابووری خۆی له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌هێزتر ده‌كات

K24- هه‌ولێر:

له‌ دیدیارێكی نێوان نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان و ماكسیم ماكسیمۆڤ، باڵیۆزی رووسیا له‌ عێراق و شاندێكی یاوه‌ری، گفتوگۆ له‌باره‌ی دوا پێشهاته‌كانی هه‌رێم و عێراق كرا.

له‌ دیداره‌كه‌دا كه‌ كونسوڵی رووسیا له‌ هه‌ولێریش یاوه‌ری شانده‌كه‌ی ده‌كرد، باڵیۆزی رووسیا ئاماژه‌ی به‌ دۆخی هه‌رێمی كوردستان و دوا رووداوه‌كانی ساڵی رابردوو و ئه‌و پێشكه‌تنانه‌ كرد، كه‌ له‌ هه‌رێم به‌رده‌وامن، به‌تایبه‌ت كه‌ هه‌رێمی كوردستان توانیویه‌تی له‌ڕێگه‌ی دیالۆگه‌وه‌ به‌شێك له‌ گرفته‌كان چاره‌سه‌ر بكات.

له‌ به‌رامبه‌ردا نێچیرڤان بارزانی پوخته‌یه‌كی له‌باره‌ی‌ گفتوگۆكانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان خسته‌ ڕوو, پشتگیریی هه‌رێمی كوردستانی بۆ عادل عه‌بدولمه‌هدی, سه‌رۆك وه‌زیرانی نوێی عێراق نیشان دا.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌دا باس له‌ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی عێراق و به‌شداریی به‌هێزی لایه‌نه‌ كوردستانییه‌كان تیایدا و سه‌ركه‌وتنی هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان كرا، په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و ڕووسیایان به‌رز نرخاند، به‌تایبه‌تی له‌ بواری ئابووریدا كه‌ ژماره‌یه‌ك كۆمپانیای بواری وزه‌ی ڕووسیا له‌ هه‌رێمی كردستان كار ده‌كه‌ن و، چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ش ده‌كه‌ن له‌ بواره‌كانی كشتوكاڵ، پیشه‌سازی، ڕۆشنبیری و بازرگانیدا په‌یوه‌ندییه‌كانیان به‌هێزتر بكه‌ن.

تاوتوێكردنی دۆخی ناوچه‌كه‌ به‌گشتی و هه‌ڵسه‌نگاندنی پێشهاته‌كان، لایه‌نێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌ بوو.

H.B