به‌رهه‌م ساڵح هه‌رێمی كوردستان به‌ شیمالی عێراق ناوده‌بات

له‌گه‌ڵ به‌ره‌ی توركمانی دژی گه‌ڕانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌ بۆ كه‌ركووكیش رێككه‌وتووه‌

K24 - هه‌ولێر:

به‌رهه‌م ساڵح، سه‌رۆك كۆماری عێراق، هه‌رێمی كوردستان به‌ شیمالی عێراق ناو ده‌بات و له‌ تویته‌ره‌كه‌یه‌وه‌ به‌ زمانی كوردی و عه‌ره‌بی به‌و شێوه‌یه‌ باسی ده‌كات.

به‌رهه‌م ساڵح كه‌ چه‌ند رۆژێكه‌ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه‌ و سه‌رقاڵی چه‌ند چالاكییه‌كه‌، له‌ تویته‌ره‌وه‌ نوسیوویه‌تی: "سەردانی هەڵەبجەم کرد بۆ ڕێزلێنانی یادی شەهیدانی کیمیاباران، ئەنفالەکانی گەرمیان وبادینان و بارزان، گۆڕە بەکۆمەڵەکانی مەحاویل وخوارو و باکوری عیراق، شەهیدانی دژی ستەمکاری. ناکرێ بهێڵین جارێکی تر فاشیەکان دەسەڵاتدار بن، وئیستا ئاوەدانی وخزمەتکردنی کەسوکاری شەهیدان ئەرکی لە پێشینەمانە".

به‌رهه‌م ساڵح رۆژی 2/10/2018 به‌ رێككه‌وتنێكی ژێر به‌ ژێری حزبه‌كه‌ی "یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان" پاش جێهێشتنی حزبه‌ تازه‌كه‌ی خۆی "هاوپه‌یمانی بۆ دیموكراسی و دادپه‌روه‌ری" كرایه‌ سه‌رۆك كۆماری عێراق و به‌بێ پرس و راوێژ له‌گه‌ڵ كوتله‌ كوردستانییه‌كان بۆ ئه‌و پۆسته‌ كاندید كرا. ئه‌وه‌ش یه‌كه‌م سه‌ردانێتی بۆ ناوچه‌كانی سلێمانی و هه‌ڵه‌به‌جه‌.

رۆژی 27/10/2018 ئه‌رشه‌د ساڵحی، سه‌رۆكی به‌ره‌ی توركمانی له‌باره‌ی ده‌ستپێشخه‌رییه‌كه‌ی به‌رهه‌م ساڵح بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی كه‌ركووكیش گوتبووی: "له‌گه‌ڵ سه‌رۆك كۆمار رێككه‌وتووین هێزی پێشمه‌رگه‌ نه‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ركووك". هه‌ر چه‌نده‌ دواتر سه‌رۆكی به‌ره‌ی توركمانی لێدوانه‌كه‌ی خۆی ره‌تكرده‌وه‌.