دەمیرتاش داوایەك لە ھەدەپە دەكات
"پێویستە گەل خۆی بە خاوەنی ھەدەپە بزانێت"
K24 - ھەولێر
ھاوسەرۆكی پێشووی ھەدەپە رایگەیاند، كە پێویستە ھەدەپە كەسانی گونجاو و خۆشەویست لەنێو خەڵك، بۆ ھەڵبژاردنی شارەوانیەكان كاندید بكات.
سەڵاحەدین دەمیرتاش، ھاوسەرۆكی پێشووی پارتی دیوموكراتی گەلان (ھەدەپە) لە رێگەی پارێزەرەكەیەوە بە میدیایێكی نزیك لە پەكەكەی راگەیاند "ئۆپەراسیۆنەكان لە دژی ھەدەپە بۆ شكاندنی ئیرادە و گەلە. پێویستە گەل خۆی بە خاوەنی ھەدەپە بزانێت و بەرگری لێ بكات".
ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد "كە ھەڵوێستی دادگاكان لەدژی ئەو و ھەدەپە یاسایی نین و سیاسین".
سەبارەت بە ھەڵبژاردنی شارەوانییەكان، دەمیرتاش رایگەیاندووە "ئەردۆغان دەخوازێت بە دانانی قەیوم خەڵك لە ھەڵبژاردنەكان سارد بكاتەوە، بەڵێ دەبێ گەلەكەمان بچێتە سەر سندووقەكانی دەنگدان و دەنگی خۆی بدات، دەبێ بۆ ھەموو جیھان روونی بكەینەوە، كە دانانی قەیوم كارێكی ھەڵەیە".
سەبارەت بە رێككەوتنی نێوان ھەدەپە و پارتە كوردییەكان، گوتی: "ئەگەر رێككەوتنەكە فراوان بێت و كاندیدەكان بە گوێرەی خواستی خەڵك دەستنیشان بكرێن، ئەوا سەركەوتنێكی گەورە بەدەست دەھێنین".