ملیۆنان كەس لە كەربەلا یادی ئیمام حوسێن دەكەنەوە
لە كەربەلا چلەی ئیمام حوسێن بەڕێوەدەچێت
K24 - ھەولێر
ئەمڕۆ رێوڕەسمی تایبەت بە چلەی ماتەمینی ئیمام حوسێن، لە شاری کەربەلا بەڕێوەبچێت، ژمارەیەکی ئێجگار زۆر لە کەسانی شیعە مەزهەب بۆ بەشداریکردن لەم مەراسیمە روویانکردووەتە شاری کەربەلا.
شیعە مەزهەبەکانی عێراق و زیارەتكارانی بیانی، بە پیادە دەڕۆن تاوەكو دەگەنە مەزارگەی ئیمام حوسێن لە کەربەلا، شیعەکان پێیانوایە بۆ هەر هەنگاوێک خێر و حەسەناتیان بۆ دەنووسرێت.
زۆربەی رێگا سەرەکییەکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق، بە ئاراستەی کەربەلا جمەیان دێت لە سەدان هەزار زیارەتکار، ئەوان بەساڵا چوو، گەنج، منداڵ و ئافرەتن، بێ گوێدانە ماندووبوون و برسیەتی هەموو پۆل پۆل بە رێگاوە نزا دەکەن، تاوەكو دەگەنە مەزارگەی ئیمام حوسێن.
زیارەتكارێك دەڵێت: "ھیوادارم جیاوازی نەكرێت لەنێوان ئەم زیارەتە و حەج، ئەوانەی سەردانی مەزارگەی ئیمام حوسێن، دەكەن ژمارەیان زیاترە لە ئەوانەی كە بۆ حەج دەچن".
پارساڵ زیاتر لە 13 ملیۆن کەس سەردانی کەربەلایان کردبوو بۆ بەشداریکردن لە چلەی ماتەمینی ئیمامی حوسێن.
لەسەر ئەرکی عەتەبەکانی حوسێنییە لەسەر رێگاکان هەزاران مەوکبی خزمەتگوزاری بۆ زیارەتکاران دانراون. كەسانی خێرخواز، بە درێژایی رێگاكانی بەرەو كەربەلا، خۆبەخشانە خواردن و خواردنەوە بەسەر زیارەتكاراندا دابەشدەكەن.
یەكێك لە زیارەتكاران ئاماژە بۆ ئەوە دەكات: "ھەرساڵ نزیكەی 100 كیلۆمەتر لە بەغداوە تاوەكو كەربەلا بە پیادە دەچم. لە درێژایی رێگاگەدا خزمەتگوزاری و پێداویستی بۆ زیارەتكاران دابین كراون".
چلەی ماتەمینی ئیمام حوسێن، دوای 40 رۆژ لە یادی كوژرانی یان رۆژی عاشوورا دەكرێتەوە، كە لە جەنگی كەربەلا لە ساڵی 680ی زاینی ئیمام حوسێن و 17 كەسی دیكە لەگەڵیدا كوژران و شیعە مەزهەبەكان ساڵانە یادی كورژانی و دواتر چلەی ماتەمینیشی بۆ دەگێڕن.
ھ.م