گۆڤاری فۆڕین پۆڵەسی: ئەمەریکا سیناریۆی سەددام لەسەر محەمەد بن سەلمان دووبارە دەکاتەوە

ئەمەریکا ئاگاداری کیمیابارانکردنی هەڵەبجە بووە

K24 – هه‌ولێر:

محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعوودییە دووچاری سەرسوڕمانی زۆربووە بەوەی چاوەڕێی نەدەکرد ئەمەریکا و رۆژئاوا وەها کاردانەوەیەکی تووندیان بەرامبەر بە کوشتنی رۆژنامەنووس جەمال خاشوقچی هەبێت و گفتوگۆیەکەی لەگەڵ جەیرد کۆشنەر، راوێژکاری و زاوای دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمەریکا هەڕەشەی گۆڕینی رێڕەوی سعوودییە و دۆزینەوەی هاوپەیمانی نوێی کردووە.

یەکەمجار نییە هاوپەیمانێکی ئەمەریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست سوود لە دژایەتیکردنی ئێران وەردەگرێت لەگەڵ ئەمەریکا بۆ ئەنجامدانی چەند کارێکی تووندڕەوانە، پێشتریش سەدام حوسەین هەمان چیرۆکی هەبوو.

ساڵانێک پێش روخانی، سەدام پاڵپشتی گەورەی لە ئەمەریکا و خۆرئاوا وەردەگرت، بەڵام هەموو ئەوانە لە داگیرکردنی کوەیت لە ساڵی 1990 کۆتایهات، بەڵام ئەمە وانەیەکی فێری سیاسەتی ناوچەیی ئەمەریکا کرد و بۆیە هەڵوێستێکی هاوشێوەی بەرامبەر بە کوشتنی خاشوقچی هەبوو.

محەمەد بن سەلمان هاوشێوەی سەددام لە هەشتاکان، دەستیکردووە بە ئازاردان و ئەشکەنجەی نەیارانی و وەک گەنجێکی تازە باڵادەستی تووندڕەو کارەکانی دەکات.

رۆجێر مۆریس، بەرپرسی پێشووی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا پێیوایە، پەیوەندی ئەمەریکا و سەددام لە ساڵی 1963 دەستیپێکرد، ئەو کاتە بوو کە سی ئای ئەی ئەمەریکی لەژێر سەرۆکایەتی جۆن کەنەدی یارمەتی سەددامی دا کە کودەتا بەسەر عەبدولکەریم قاسمدا بکات.

بەڵام پەیوەندی راستەقینەی ئەمەریکا و سەددام لە ساڵی 1982 دەستیپێکرد، کاتێک ئەمەریکا بە سەرۆکایەتی ریگن عێراقی لە لیستی تیرۆر دەرکرد و تەنها 17 مانگ دوای شەڕی عێراق و ئێران و داگیرکردنی هەرێمی خوزستانی پڕ سامانی نەوت، ئەمەریکا شاندێکی ناردە لای سەددام. بەگوێرەی راپۆرتێکی واشنتن پۆست، ئەو شاندەی ئەمەریکا بەڵێنی پشتگیری هەواڵگیری و سەربازیی دایە سەددام.

ئەمەش وایکرد بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لە جەنگی عێراق و ئێران، هاووڵاتی خۆی و هاووڵاتییانی ئێرانی لەلایەن سەددامەوە ئەمەریکا نەهێنێتە دەنگ.

لە ساڵی 1988، زانیارییە هەواڵگیرییەکان لەوکاتە ئەمەریکایان لەوە ئاگادارکردەوە کە ئێران نزیکە لە بڕینی هێڵەکانی عێراق، ریگنی سەرۆکی ئەمەریکا نامەیەکی بۆ سکرتێرەکەی نارد و نووسی: "سەرکەوتنی ئێران مایەی قبووڵکردن نییە".

بەگوێرەی راپۆرتێکی گۆڤاری فۆڕین پۆڵەسی لە ساڵی 2013: "لە ساڵی 1988، ئەفسەرانی هەواڵگیری ئەمەریکا ئازادانە مامەڵەیان لەگەڵ سوپاکەی سەددامدا دەکرد و بە تەواویش ئاگاداربوون کە سەددام چەکی کیمیایی بەکاردەهێنێت".

بەگوێرەی زانیارییە دزەپێکراوەکانی سی ئای ئەی، دوو لەسەر سێی تەواوی ئەو چەکە کیمیایانەی سەددام بەکاریهێنان لە 18 مانگی کۆتای جەنگی ئێران و عێراق بوو.

ئەو گۆڤارە ئەمەریکییە نووسیەتی، کیمیابارنکردنی شاری هەڵەبجە کە بووە هۆی گیان لەدەستدانی 5000 هەزار کورد، لە درێژەی ئەو هێرشە کیمیایانەی سەددامدا بوون، لە کاتێکدا لە ساڵی 2003 بەکارهێنانی ئەو جۆرە چەکە کۆمەڵکوژانە بوونە هۆی ئەوەی ئەمەریکا رەواییەتی بداتە هێرشەکەی سەر عێراق.

لەدوای کۆمەڵکوژکردنی شاری هەڵەبجە،ریچارد مۆرفی، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەوکاتی ئەمەریکا نووسیویەتی: "پەیوەندی ئەمەریکا و عێراق بۆ داهاتووی سیاسی و ئابووریمان گرنگە".

ئێستاش ئیدارەی ترەمپ هەمان قسە لەسەر کوشتاری سعوودییە لە یەمەن دەکەن، دەڵێن کە ریاز هاوپەیمانێکی گرنگی و پێویستە بۆ واشنتن.

ئەوە جێگای سەرسوڕمان نییە کە بزانین سەددام حوسەین بۆ داگیرکردنی کوەیت پشتگیری ئەمەریکای هەبوو. لە 25ی تەمموزی ساڵی 1990، تەنها هەفتەیەک پێش داگیرکردنی کوەیت، ئەپرەیل گلاسپی، باڵیۆزی ئەوکاتی ئەمەریکا لە عێراق، هاوڕێیەتی ئەمەریکای بۆ سەددام دوپاتکردەوە و داوای بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی کرد، کاتێکیش سەددام باسی پرسی کوەیتی لێکرد، گلاسپی پێی گوتبوو: "ئەمەریکا هیچ لایەنگرییەکی لەو کێشە عەرەبییانە نابێت"، بەمەش ستیفان والت، پرۆفیسۆر لە زانکۆی هارڤەرد پێیوایە، ئەمەریکا خۆی گڵۆپی سەوزی بۆ عێراق هەڵکرد تاکو کوەیت داگیربکات.

ترەمپ هەمان مامەڵە لەگەڵ محەمەد بن سەلمان دەکات لە ژێرناوی هەماهەنگی جەنگی دژ بە ئێران.

کۆمەڵکوژی لە یەمەن، گەمارۆدانی قەتەر، سزادانی کەنەدا لەسەر پرسی مافی مرۆڤ، دوورخستنەوەی سەرۆک وەزیرانی لوبنان و کوشتنی جەمال خاشوقچی ئەوکارانەن کە محەمەد بن سەلمان هاوشێوەی سەددام دەیانکات و ئەمەریکا رێگای دەدات.

لەگەڵ ئەمانەش ئیدارەی ترەمپ دەترسێت وەلاخستنی سعوودییە فشارەکانی سەر ئێران کەمبکاتەوە و نایەوێت جارێکی تر ئێران وەک مەترسییەکی سەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گەشە بکات، بەڵام ئەمە جارێکی دیکە ناوچەکە بەشێوەیەکی تر دەخاتە بەر مەترسی و تیرۆر، هاوشێوەی سەددام.

 سەرچاوە: فۆڕین پۆڵەسی

H.J