ئامانجی سەردانەکەی عێراقچی بۆ ئیسلام ئاباد ئاشکرا دەبێت

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رەتی دەکاتەوە هیچ دانیشتنێکی راستەوخۆ لەگەڵ شاندی ئەمریکا بکرێت و دەڵێت، ئامانجی سەردانەکەی وەزیری دەرەوە بۆ ئیسلام ئاباد، تەنیا گەیاندنی پەیامەکانیانە بە لایەنی پاکستانی.

ئەمڕۆ شەممە، 25ـی نیسانی 2026، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە "پلاتفۆرمی ئێکس" پەیامێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوە دا، شاندی فەرمیی وڵاتەکەیان گەیشتووەتە ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان. 

بەقایی روونیشی کردەوە، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لەگەڵ گەورە بەرپرسانی پاکستان کۆ دەبێتەوە بۆ تاوتوێکردنی ئەو هەوڵە نێوەندگیرییەی ئیسلام ئاباد دەیگێڕێت.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، ئامانجی سەرەکیی سەردانەکەی عێراقچی کۆتاییهێنانە بەو شەڕە سەپێندراوەی ئەمریکا بەرپای کردووە لەگەڵ گێڕانەوەی ئاشتی بۆ ناوچەکە.

سەبارەت بە ئەگەری دانوستانی راستەوخۆ لەگەڵ واشنتن، بەقایی ئەوەشی خستە روو، هیچ پلانێک نییە بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەی نێوان تاران و ئەمریکا و سەرجەم تێبینی و پەیامەکانی ئێران دەدرێنە بەرپرسانی پاکستان بۆ ئەوەی بیگەیەننە بەرانبەرەکەیان.

ئەمە لە کاتێکدایە، کارۆلاین لیڤیت، گوتەبێژی کۆشكی سپی، رۆژی هەینی، 24ـی نیسان، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ستیڤ ویتکۆف و جارید کۆشنەر بۆ بەشداریکردن لە دانوستانەکان لەگەڵ ئێران، رۆژی شەممە، 25ـی نیسان، دەگەنە پاکستان. 

لەبارەی بەشداریکردنی جەی دی ڤانسیش، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، کە گەڕی رابردووی دانوستانەکان، سەرۆکایەتیی شاندەکەی دەکرد، گوتەبێژی کۆشکی سپی دووپاتی کردەوە، "ئەگەر دانوستانەکان تا رادەیەکی باش بەرهەمدار بوون، ڤانسیش بە مەبەستی بەشداریکردن لە دانوستانەکان سەردانی ئیسلام ئاباد دەکات".