سەرایا سەلام هەموو چالاکییەکی لە کەربەلا هەڵپەسارد
بەهۆی شەڕ و پێکدادانی نێوان گرووپێکی جیابووەی رەوتی سەدر بە ناوی ئەزهەرییەکان و سەرایا سەلامی باڵی سەربازی رەوتەکە، سەرایا سەلام سەرجەم بنکە و بارەگاکانی لە کەربەلا داخست و تەواوی چالاکییەکانی هەڵپەسارد.
بە گوێرەی سەرچاوەکانی هەواڵ، شەوی رابردوو لە ناوچەی حەڕ لە ناوەندی شاری کەربەلا، بەهۆی شەڕ و پێکدادانی چەکداری لەنێوان ئەندامانی سەریا سەلام و گرووپێکی جیابوەوەی رەوتی سەدر بەناوی ئەزهەرییەکان، کەسێک کوژراوە و دوو کەسی دیکەش برینداربوون.
هەر لە بارەی پێکدادانەکەوە، چەند سەرچاوەیەکی بڵاویانکردووەتەوە، کەسە کوژراوەکە ناوی محەمەد جەمیل عەبودییە، کە بەرپرسی هەماهەنگییە ئەمنییەکانی سەرایا سەلامە لە لیوای کەربەلا.
دوای شەڕەکەش چەکدارەکانی بەناوی ئەزهەرییەکان بەرەو شوێنێکی نادیار هەڵاتوون و هیچ کەسێکیش بەهۆی ئەو شەڕو پێکدادانە چەکدارییە دەستگیر نەکراوە، هاوکات هیچ هۆکارێکی پشتەوەی شەڕەکەش ئاشکرا نەکراوە.
پاش ئاڵۆزییەکان، یاریدەدەری جیهادی سەرایا سەلام فەرمانێکی دەرکردووە و ئاماژەیداوە، لە پێناو بەرژەوەندی گشتی و پاراستی ئاسایش و سەقامگیریی پارێزگای پیرۆزی کەربەلا، سەرایا سەلام سەرجەم بنکە و بارەگاکانی لەم پارێزگایە دادەخات، هاوکات دامەزراوە ئەمنییەکان دەبێت یاسا جێبەجێ بکەن و رێکاریی توند بەرانبەر بەو کەسانە بگرنەبەر کە ئەو کردەوە قێزەونەیان کردووە، بۆ ئەوەی بە سزای خۆیان بگەیەندرێن.
رەوتی سەدر لە 13ی ئەیلوولی 2024، گرووپی ئەزهەرییەکانی لە پێکهاتەی باڵی سەربازی سەرایا سەلام دەرکرد، هەر ئەو کاتە بە نووسراوی فەرمی دامەزراوە ئەمنییەکانی فیدراڵی ئاگادار کردەوە، کە ئەزهەرییەکان هیچ پەیوەندییەکان بە رەوتی سەدر و سەرایا سەلام نەماوە و بەرپرسیاریش نین لەو کردەوانەی دەکرێن و دەبنە هۆی تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی.