دوای 20 ساڵ لە فەڵەستین هەڵبژاردن دەکرێت

ئەمڕۆ شەممە، 25ـی نیسان، پرۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە کەناری رۆژئاوا و ناوچەی دێرەلبەلەح لە ناوەڕاستی کەرتی غەززە دەستیپێکرد. ئەمە یەکەمین پرۆسەی هەڵبژاردنە لە دوای جەنگی غەززەوە ئەنجام بدرێت.

بەگوێرەی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان لە رامەڵڵا، نزیکەی 1.5 ملیۆن کەس لە کەناری رۆژئاوا و 70 هەزار کەس لە دێرەلبەلەح مافی دەنگدانیان هەیە. بنکەکانی دەنگدان لە کاتژمێر 7ـی بەیانییەوە کراونەتەوە. بڕیارە لە کەناری رۆژئاوا کاتژمێر 7ـی ئێوارە و لە دێرەلبەلەح کاتژمێر 5ـی ئێوارە سندووقەکان دابخرێن؛ ئەمەش بەهۆی نەبوونی کارەبایە لە غەززە تا جیاکردنەوەی دەنگەکان لەبەر رووناکیی رۆژ ئەنجام بدرێت.

زۆربەی لیستە بەشدارەکان سەر بە پارتی فەتحی مەحموود عەباسن یان کاندیدی سەربەخۆن. بزووتنەوەی حەماس کە کۆنترۆڵی بەشێکی غەززەی لەدەستە، هیچ لیستێکی لە کێبڕکێکەدا نییە. لە شارەکانی وەک نابلس و ڕامەڵڵا، تەنیا یەک لیست پێشکەش کراوە، ئەمەش بەو مانایەیە کە ئەو لیستانە بەبێ دەنگدان و بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی سەرکەوتن بەدەستدەهێنن.

مەحموود بەدر، بازرگانێکی شاری توولکەرم، دەڵێت: "ئەم هەڵبژاردنە تەنیا وێنەیەکە بۆ میدیا جیهانییەکان؛ چونکە لە راستیدا ئیسرائیل حوکمی شارەکە دەکات و کاندیدەکان ناتوانن گۆڕانکاری بکەن." لە بەرانبەردا، فەرەح شەعاسی تەمەن 25 ساڵ لە غەززە بە پەرۆشییەوە دەنگی دا و پێی وابوو ئەمە سەلماندنی بوونی فەڵەستینییەکانە لە کەرتی غەززە سەرەڕای هەموو نەهامەتییەکان.

ئەمە یەکەمین دەنگدانە لە غەززە لە دوای ساڵی 2006ـەوە ئەنجام بدرێت. جەماڵ فادی، پسپۆڕی سیاسی، دەڵێت: "هەڵبژاردن لە دێرەلبەلەح وەک تاقیکردنەوەیەکە بۆ دەسەڵاتی فەلەستینی، چونکە دانیشتووانەکەی بەهۆی جەنگەوە ئاوارە نەبوون." ئەمە لەکاتێکدایە مەحموود عەباسی تەمەن 90 ساڵ، ماوەی 20 ساڵە بەبێ هەڵبژاردن لە دەسەڵاتدایە.

فەرید تەعەمەڵڵا، گوتەبێژی کۆمیسیۆن، رایگەیاند؛ کارمەندانی بنکەکان لە رێکخراوە مەدەنییەکانن. لە غەززە، پۆلیسی حەماس بە جلی مەدەنی و بێ چەک لە دەوروبەری 12 بنکەکەی دێرەلبەلەح جێگیر کراون بۆ پاراستنی پرۆسەکە. هەروەها ڕامیز بەرۆڤ، نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان، دەستخۆشی لە رێکخستنی پرۆسەکە کرد و بە دەرفەتێکی گرنگی بۆ فەڵەستینییەکان ناوبرد.