جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی دەستی لەكاركێشایەوە
"چاوەڕێ بووین ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان لەكاتی خۆی بەڕێوەبچێت"
K24 - سلێمانی
لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی دەستی لەكاركێشایەوە.
ئەنوەر تاھیر، جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی لە پشكی بزووتنەوەی گۆڕان رایگەیاند: "بەپێی یاسای پارێزگاكان، ماوەی خولی ئەنجوومەنی پارێزگاكان تەنھا چوارساڵی ساڵنامەییە، لە 24/9/2018 وادەی یاسایی ئەنجوومەنی پارێزگاكان تەواو بووە، چاوەڕێ بووین لە پەرلەمانی كوردستان یاساكە ھەمووار بكاتەوە و یان ئەنجوومەنی وەزیران ناچاربكات كە ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان لە كاتی خۆیدا بكرێت. من لە ئەمڕۆوە نامەوێت لە پۆستی جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگا بەردەوام بم و بە رەزامەندی خۆم دەست لەكاردەكێشمەوە، وەك ئەندامێك لە فراكسیۆنی گۆڕان لە ئەنجوومەنی پارێزگا درێژە بەكارەكانم دەدەم".