شەڕی گورگ و ورچی باخچەیەکی ئاژەڵان سەردانکەران دەترسێنێت
چەند ورچێک گورگێک دەکوژن
K24- ههولێر:
لە باخچەیەکی ئاژەڵانی هۆڵەندا کۆمەڵێک ورچ هێرشدەکەنە سەر گورگێک و چەند گورگێکی دیکەش بۆ یارمەتی هاوڕێکەیان دێنە ناو شەڕەکە.
لە گرتە ڤیدیۆیەک کە سەردانکەرێکی باخچەکە تۆماریکردووە، چەند گورگێک هەوڵی رزگاکردنی گورگێکی مەێینە دەدەن لە دەستی ورچەکان، بەڵام هەوڵەکەیان سوودی نابێت و گورگە مێیەکە دەکوژرێت.
بەگوێرەی هەواڵێکی رۆژنامەی دەیلی مەیلی بەریتانی، سەرپەرشتیارانی باخچەکە لەسەر رووداوەکە رایانگەیاندووە، لە زۆرێک لە باخچەکانی ئەوروپا گورگ و ورچ پێکەوە دادەنرێت و هەرگیزیش دووچاری هیچ کێشەیەک نەبوون، بەڵام هۆکاری هێرشی ورچەکان بۆ سەر ئەو گورگە نازانن.
ئەو کەسەی گرتە ڤیدیۆکەی تۆمارکردووە لەبارەی رووداوەکە دەڵێت: "سەرەتا گورگێک لەگەڵ ورچەکان لە ئاوەکە بوون و هیچ کێشەیەکییان نەبوو، بەڵام لە پڕ ورچەکان هێرشیانکردەسەری".
ئەو رووداوانە کاریگەری خراپ لەسەر دەروونی منداڵ دروست دەکات و زۆرێک لە گەشتیاران لە دوای شەڕە خوێناوییەکە منداڵەکانیان لە باخچەکە بردۆتەوە دەرەوە.
H.J