تەندروستترین تەمەنی باوکان بۆ دروستکردنی منداڵ ئاشکرادەکرێت
توێژینەوەیەکی بەریتانی مەترسییەکانی بە دونیا هێنانی منداڵ لەلایەن باوکی بە تەمەنەوە دەخاتە ڕوو
K24 – ههولێر:
چەند جارێک هۆشداری دراوە لەوەی کە منداڵ لە دایکێکی بە تەمەن دووچاری نەخۆشی زیاتر دەبێت، بەڵام زۆر کەم توێژینەوەیە هەیە باس لە تەمەنی باوک و تەندروستی منداڵ بکات.
گۆڤاری بریتیش مێدیکاڵ جۆرناڵ (بی ئێم جەی)، یەکێکە لە ناودارترین و کۆنترین گۆڤارەکانی تەندروستی وڵاتی بەریتانیا، توێژینەوەیەکی ئەنجامداوە و تیایدا ئاشکرایکردووە، پیاوانیش هاوشێوەی ژنان، خاوەنی کاتژمێری بایۆلۆجین واتە ئەگەر منداڵێک لە باوکێکی بە تەمەن بێتە دونیاوە ئەوا ئەگەری هەیە منداڵەکە دووچاری کێشەکانی زوو لەدایکبوون، کەمی کێش و نەخۆشییەکانی هەناسەدان ببێتەوە، نەک تەنها بۆ منداڵەکە بەڵکو دروستکردنی منداڵ لە لایەن پیاوی بەتەمەنەوە کێشەی تەندروست بۆ دایکەکەش دروست دەکات کە دیارترینیان بەرزبوونەوەی رێژی شەکرە لە ماوەی دووگیانی.
د. میشێل ئایزنبێرگ، سەرۆکی توێژنەوەکە و سەنتەری پزیشکی ستاندفۆرد تایبەت بە کێشەکانی ئەندامی زاوزێی پیاوان لەبارەی دیاریکردنی تەمەنی گونجاوی پیاوان بۆ بە دونیاهێنانی منداڵ دەڵێت: "گونجاوترن کات، کۆتای هەرزەکاری و 20 تا 30 ساڵییە. هەر شتێک لە دوای ئەوە ئەگەری نەخۆشییەکانی کۆرپەلە زیادتر دەکات".
بەگوێرەی توێژینەوەکە چەند تەمەنی باوکەکە زیاتر بێت، زیاتر کێشە بۆ منداڵەکە دروست دەکات، وە مەترسیدارترین کاتی دروستکردنی منداڵ بۆ پیاوان، 45 ساڵی بەدواوەیە.
سەرچاوە: رۆژنامەی تایمز
H.J