ڤیدیۆ.. یانەی دەربەندیخان لە دەستپێشخەرییەکی نوێدا بلیتی 'ئارەزوومەندان' بە هاندەرانی دەفرۆشێت

بۆیەکەمجار لە خولی کوردستان یانەیەک چوونە ژوورەوە بۆ هاندەرانی دەکاتە بلیت

بۆیەکەمجار لە خولەکانی کوردستان یانەیەک چوونەژوورەوە بۆ یارییەکانی یانەکەی دەکاتە بلیت و دەیەوێت بەم رێگە داهاتی یانەکەی زیاد بکات.

یانەی دەربەندیخان لەم وەرزەی خولی نایابی کوردستان لەو دوو یارییەی لە یاریگەی خۆی ئەنجامی داون، لە دەستپێشخەرییەکی نوێدا چوونەژوورەوەی هاندەرانی کردووەتە بلیتی ئارەزوومەندانە و بەبێ ئەوەی هاندەرانی ناچار بکات بۆ چوونە ژوورەوە ئەو بلیتانە بکڕن، دەیەوێت داهاتی یانەکەی زیاد بکات و خەرجی یانەکەی دابین بکات.

دەربەندیخان لە کۆی ئەو سێ گەڕەی تا ئێستا لە خولی نایابی کوردستانی ئەم وەرزە بەڕێوەچووە دوو یاریی لە یاریگەی خۆی ئەنجام داوە، لە یەکەم گەڕی خولەکە لە یاریی بەرامبەر دهۆک دوو جۆرە بلیتی ئارەزوومەندانەی بۆ ئامادەبوون لە یاریی یانەکەی بەرامبەر دهۆک خستبووە روو، نزیکەی 430 بلیتی یارییەکە فرۆشرابوو، کە بە گوتەی بەرپرسانی یانەکە ئەم هەنگاوەیان بۆ ئەوەیە خۆشەویستی هاندەرانی یانەکەیان بەکاربهێنن بۆ پاڵپشتیکردنی یانەکەیان، کە ئێستا لە رووی داراییەوە بە دۆخێکی باشدا تێناپەڕن.

بەرپرسانی یانەی دەربەندیخان لەسەر هاندەرانی یانەکەیان نەکردووەتە مەرج تەنیا بە کڕینی بلیت لە یارییەکانی یانەکە ئامادەبن، کە دوو جۆرە بلیتیان دابینکردووە نرخی یەکێکیان هەزار دینارە و ئەوی دیکەشیان نرخی پێنج هەزار دینارە.

لە هەردوو یاریی ئەم وەرزەی دەربەندیخان کە لە یاریگەی خۆی ئەنجامی داون، لە هەر یارییەک زیاتر لە شەش هەزار هاندەر ئامادەی یارییەکان بوون و جگە لە هاندەرە کوڕانی یانەکە، سەدان کچیش ئامادەی یارییەکانی دەربەندیخان دەبن و خاڵێکی دیکەی جیاوازیی یانەی دەربەندیخانە کە لە یانەکانی دیکەی خولی نایابی کوردستان جیای دەکاتەوە، لە کاتێکدا یەکەم وەرزە یانەی دەربەندیخان لە ریزی یانە نایابەکان یاریی دەکات.