ئەمەریكا لەبارەی ئێران لەگەڵ 8 وڵات رێكدەكەوێت
ناوی چوار وڵات ئاشكرا دەكرێت
K24 - ھەولێر
رۆژی دووشەممەی داھاتوو قۆناخی نوێی گەمارۆكانی ئەمەریكا بۆ سەر ئێران دەستپێدەكات كە بواری نەوت و بازرگانی ئەو وڵاتە دەگرێتەوە، لە ھەمانكاتدا پێگەی بلۆمبێرگی ئەمەریكی ئاشكرایكردووە، واشنتن لەگەڵ ھەشت وڵات رێككەوتووە بۆ بەردەوامیدان بە پەیوەندییە بازرگانییەكانیان لەگەڵ ئێران لە دوای گەمارۆكانی سەر ئەو وڵاتە. ئەوەش لە كاتێكدایە بەرپرسانی ئێران دەڵێن گەمارۆكان كاریگەرییەكی ئەوتۆی لەسەر ئێران نابێت و بە ھەوڵێكی شكستخواردووی ئەمریكا ناوی دەبەن.
رۆژمێری پێچەوانەی گەڕانەوەی گەمارۆكانی ئەمەریكا بۆ سەر ئێران دەستیپێكردووە و لەسەر پێگەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكاش كات بە پێچەوانە دژ بە ئێران دەژمێردرێت.
لەگەڵ گەڕانەوەی گەمارۆكانیش كە لە رۆژی دووشەممەی داھاتووەوە دەستپێدەكات، میدیاكانی ئەمەریكا دەڵێن، واشنتن لەگەڵ 8 وڵاتی دیكە رێككەوتووە بۆ بەردەوامی پەیوەندییە بازرگانییەكانیان لەگەڵ ئێران لە دوای دەستپێكی قۆناخی نوێی گەمارۆكانی سەر ئەو وڵاتە.
پێگەی بۆلمبێرگ لە راپۆرتێكدا ناوی چوار لەو وڵاتانەی ئاشكرا كردووە كە پێكھاتوون لە ھیندستان، چین، ژاپۆن و كۆریای باشوور و 4 وڵاتەكەی دیكە دیار نییە كام وڵاتن دەشڵێت، بڕیارە ئەمەریكا رۆژی دەستپێكی گەمارۆكان بۆ سەر ئێران، بە فەرمیی ناوی ئەو وڵاتانەش رابگەیەنێت.
لەلایەكی دیكەشەوە میدیاكانی توركیا دەڵێن، ئەنقەرەش یەكێك لەو وڵاتانە كە ئەمەریكا رازی بووە لەگەڵ ئێران لە كڕینی نەوتی ئەو وڵاتە بەردەوام بێت، بەڵام وەزارەتی وزەی توركیا دەڵێت، سەرەڕای ئەگەرەكانیان، بەڵگەیەكی فەرمییان لەلایەن واشنتن لەوبارەوە پێنەگەیشتووە.
كاردانەوەكان لە ناوخۆی ئێرانیشدا لەو بارەوە بەردەوامن، ئەگەرچی بەرپرسانی ئێران دەڵێن، گەمارۆكان كاریگەرییەكی ئەوتۆی لەسەر وڵاتەكەیان نابێت، بەڵام ھێرش و ھەڕەشەكانیشیان لە ئەمەریكا و ھاوپەیمانەكانی ھەر بەردەوامە.
لە نوێترین لێدوانیشدا موەحیدی كرمانی، پێشنوێژی ھەینی تاران ئەو ھەوڵانەی ئەمەریكا بە ھەوڵێكی شكستخواردوو ناوبرد و گوتیشی "ئەمریكا دەیەوێت وڵاتانی پابەند بە یاسا نێودەوڵەتییەكان سزا بدات، ئەمەش مەترسییە بۆ سەر پرەنسیپە نێودەوڵەتییەكان".
لەبەرانبەریشدا بەرپرسانی ئەمەریكا سوورن لە سەر گوشارەكانیان بۆ سەر ئێران و دەشڵێن، گەمارۆكانی سەر تاران وەڵامێكە بۆ ھەوڵە تێكدەرانەكانی ئێران لە ناوچەكە و جیھان و ئامانج لێی گۆڕینی سیاسەتەكانی ئێرانە نەك خەڵكی ئێران نییە.
لەگەڵ كشانەوەی ئەمریكا لە رێككەوتنە ئەتۆمییەكەی ئێران، گوشارەكانی سەر ئەو وڵاتە بەردەوامن و بڕیارە رۆژی دووشەممە لەگەڵ دەستپێكردنەوەی قۆناغێكی دیكەی گەمارۆكان، ئەو گوشارانە بگەنە لووتكە، كە بواری نەوت و بازرگانی ئێران بە دیاریكراوی دەگرێتەوە.
ئەوەش لە كاتێكدایە دۆناڵد ترامپ سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاندووە، بۆ بەرەنگاربوونەوەی ھەوڵە ئاژاوەگێڕانەكانی ئێران ھەر كارێك كە پێویست بكات دەیكات.
ھ.م