به‌شير حه‌داد: دڵنيام پڕۆژه‌ياساى بودجه ده‌گه‌ڕێندرێته‌وه بۆ حكومه‌ت
فراكسيۆنه كوردييه‌كان كۆكين له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى پرۆژه ياساى بودجه بگه‌ڕێته‌وه حكومه‌ت
K24 – هه‌ولێر:
به‌شير حه‌داد، جێگرى دووه‌مى سه‌رۆكى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق، رايگه‌ياند، دڵنيام پرۆژه ياساى بودجه ده‌گه‌ڕێندرێته‌وه بۆ حكومه‌ت و گوتيشى: پێويسته كورد له به‌غدا يه‌كڕيز بێت و پۆسته ئيدارييه‌كان به‌شى هه‌موو لايه‌نه‌كان ده‌كات، ئه‌گه‌ر رێككه‌وتن له نێوان لايه‌نه‌كان هه‌بێت.
به‌شير حه‌داد، له لێدوانێكى تايبه‌ت به كوردستان24، گوتى: كار له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كه‌ين، يه‌كڕيزى فراكسيۆنه كوردستانييه‌كان بپارێزين و ليژنه‌ى هه‌ماهه‌نگى فراكسيۆنه كوردستانييه‌كان به‌رده‌وام ده‌بێت له كاره‌كانى بۆ ئه‌وه‌ى نزيكبوونه‌وه‌ى زياتر هه‌بێت و كاريگه‌ريمان زياتر بێت.
سه‌باره‌ت به بودجه گوتى: دڵنيام ده‌نگدان له‌سه‌ر پڕۆژه ياساى بودجه ناكرێت. فراكسيۆنه كوردييه‌كان كۆكين له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى پرۆژه ياساى بودجه بگه‌ڕێته‌وه حكومه‌ت.
سه‌باره‌ت به كه‌موكورتييه‌كانى بودجه گوتى: زۆر نادادپه‌روه‌رى تێدايه به‌رامبه‌ر به كورد، رێژه‌ى بودجه‌ى هه‌رێمى كه‌مكردووه‌ته‌وه. ناوى هه‌رێمى كوردستانى نه‌هێناوه. هه‌ڵه‌بجه‌ى وه‌ك پارێزگا نه‌ناساندووه. هيچى بۆ پێشمه‌رگه تێدا نييه.
روونيشيكرده‌وه، هيچ كوتله‌يه‌كى شيعه و سوننه‌ش رازى نين به تێپه‌ڕاندنى بودجه به‌و جۆره.
ئاماژه‌شى بۆ ئه‌وه كرد، دواى ئه‌وه‌ى خوێندنه‌وه‌ى يه‌كه‌م بۆ پرۆژه ياساى بودجه ده‌كرێت، ليژنه هه‌ميشه‌ييه‌كان تاوتوێى ده‌كه‌ن و له ليژنه‌كاندا بڕيار له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌درێت پرۆژه‌كه بگه‌ڕێته‌وه بۆ حكومه‌ت.
له باره‌ى پشكى كورد له وه‌زاره‌ته‌كاندا، به‌شير حه‌داد گوتى: تا ئێستا ئه‌وه‌ى رێككه‌وتنى له‌سه‌ر كراوه، كورد سێ وه‌زاره‌تى به‌ركه‌وتووه. دوو وه‌زاره‌تيان راگه‌يه‌ندراوه، كه وه‌زاره‌تى دارايى و نيشته‌جێكردن و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌يه. يه‌ك وه‌زاره‌ت له پشكى كورد ماوه، ئه‌ويش وه‌زاره‌تى كۆچ و كۆچبه‌رانه، هێشتا له نێوان پارتى و يه‌كێتى يه‌كلايان نه‌كردووه‌ته‌وه. قسه و باسێكى نا ره‌سميش هه‌يه، ده‌وترێت ره‌نگه وه‌زاره‌تێكى ديكه بۆ كورد زياد بكرێت.
له باره‌ى پشكى كورد له پۆسته ئيدارييه‌كانى ديكه، گوتى: هه‌موو لايه‌نه كوردييه‌كان كۆكن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى هيچ پۆستێكى كورد به به‌تاڵى نه‌مێنێته‌وه و پڕ بكرێنه‌وه، چونكه ئێمه بينيمان له خوله‌كانى رابردوو، هه‌ر پۆستێك پڕ نه‌كرێته‌وه، لايه‌نێكى ديكه پڕى ده‌كاته‌وه.
باسى له‌وه‌شكرد، چه‌ندين پۆستى بريكارى وه‌زاره‌ت، ئه‌ميندارى گشتيى، به‌ڕێوبه‌رى گشتيى، باڵيۆز و نێرده‌ى ديپلۆماسى هه‌يه. پۆست زۆره و به‌شى هه‌موو لايه‌نه كوردييه‌كان ده‌كات، ئه‌گه‌ر ئێمه له ناو خۆمان رێك بكه‌وين.
سه‌باره‌ت به پرسى كه‌ركووكيش، جێگرى دووه‌مى سه‌رۆكى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق گوتى: پێش ماوه‌يه‌ك پڕۆژه بڕيارێك پێشكه‌ش به ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌ران كرا بۆ لابردنى خاڵى گومرگى نێوان پارێزگاكان، به‌ڵام به هۆى سه‌رقاڵى به پرسى پێكهێنانى حكومه‌ت ئه‌و پرۆژه‌يه باس نه‌كراوه و چاوه‌ڕێ ده‌كرێت له دانيشتنه‌كانى داهاتوو، بڕيارى له‌سه‌ر بدرێت. ئه‌مه به‌شێكه له چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌ى كه‌ركووك و كێشه‌يه‌كى مرۆيى گه‌وره له كه‌ركووك له ئارادايه و زياتر له 150 هه‌زار هاووڵاتى ئاواره‌ن و ده‌يان كه‌س ده‌ستگيركراوه و كێشه‌ى زه‌وى و زاريش هاتووه‌ته ئاراوه، بۆيه پێويسته له چوارچێوه‌ى ياسا و ده‌ستووردا ئه‌و پرسه يه‌كلا بكرێته‌وه.