كۆبوونه‌وه‌ى سبه‌ى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌ران دواده‌خرێت

عادل عه‌بدولمه‌هدى پەنا بۆ مەرجەعیەتی باڵای شیعەکانی عێراق ده‌بات

K24 – هه‌ولێر:

بەهۆی ناکۆکی نێوان لایەنە شیعەکان لەسەر پۆستی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، کۆبوونەوەی سبه‌ى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق بۆ متمانەدان بە تەواوی حکومەتەکەی عادل عەبدولمەهدی بۆ کاتێکی دیکە دواخرا.

سەرچاوەیەکی باڵای سیاسی عێراق ئاماژەی بەوەداوە، پێشبینی دەکرێت عادل عەبدولمەهدی بۆ چارەسەرکردنی کێشەی نێوان هاوپەیمانێتی سائیروون بە سەرۆکایەتی موقتەدا سەدر و هاوپەیمانێتی فەتح بە سەرۆکایەتی هادی عامری پەنا بۆ مەرجەعیەتی باڵای شیعەکانی عێراق ببات.

بڕیارە سبەی سێشەممە ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق بۆ دەنگدان لەسەر 8 وه‌زيرى حکومەتی نوێی عێراق کۆببێتەوە.

به‌ گوێره‌ى زانيارى كوردستان24 كه‌ له‌ زارى سه‌رچاوه‌يه‌كى باڵاى سياسى عێراقه‌وه‌ ده‌ستيكه‌وتووه‌، تاوەکو ئێستا هەردوو جەمسەرەکەی شیعە بەسەرۆکایەتی موقتەدا سەدر و هادی عامری لەسەر دیاریکردنی کاندید بۆ وەزیری ناوخۆ رێکنەکەوتوون.  سەرەڕای پشتیوانییەکانی ئێران و حزبوڵڵا بۆ فالح فەیاز، بەڵام سەدر ئامادە نییە پەرلەمانتارانی هاوپەیمانيیەکەی لە کۆبوونەوەی سبەی پەرلەمان دەنگ بە فالح فەیاز بدەن.

پێشتر میدیاکان بڵاویانکردبووەوە، پێشبینی دەکرێت لە کۆبوونەوەی سبەی پەرلەمان تەنیا چوار وەزارەت دەنگیان لەسەر بدرێت، هەریەک لە وەزارەتەکانی ناوخۆ و بەرگریش تاوەکو یەکلاییکردنەوەی کاندیدەکانیان لەلایەن عەبدولمەهدیەوە بەوەکالەت بەڕێوەببردرێن.