ئەرشەد ساڵحی: دەسەڵاتدارانی بەغدا نوێنەرێکی کارتۆنی تورکمانەکانیان دەوێت

"سەرەڕای ناكۆكییەكانمان پارتی و یەكێتی نوێنەری ئێمەیان قبووڵە"

K24 - بەغدا

ئەرشەد ساڵحی، سەرۆکی بەرەی تورکمانی بە کوردستان24ی راگەیاند، سەرەڕای کێشە و ناکۆکییەکانمان لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان، بەڵام بە پێچەوانەی دەسەڵاتدارانی شیعە و سوننەی عێراق ئەوان نوێنەری تورکمانیان قبووڵە و پێشوازی لێدەکەن.

ئاماژەی بەوەشدا، دەسەڵاتدارانی شیعە و سوننە لە بەغدا دەیانەوێت لە رێگەی بیری نەتەوەییەوە نوێنەریان لە حکوومەت هەبێت و نوێنەرێکی کارتۆنی تورکمانەکانیان دەوێت.

ئەرشەد ساڵحی، گوتی: "گوشارێکی سیاسی زۆر لەسەر عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکوەزیران هەیە، هەروەها بەهۆی نەبوونی ئۆپۆزیسیۆنێکی بەهێز لە پەرلەمانی عێراق، ئەدای حکوومەت لە داهاتوودا لاواز دەبێت، لەلایەکی دیکەوە تورکمانەکان هیچ نوێنەرێکیان لە حکوومەتدا نییە، ئەوان نوێنەرێکی تورکمانی کارتۆنیان دەوێت".

گوتیشی: "سەرەڕای کێشە و ناکۆکییەکانمان لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان، بەڵام ئەوان نوێنەری تورکمانیان قبووڵە و پێشوازی لێدەکەن، ئێستا ئەو نوێنەرەی ئێمە دیاریمان کردووە، لەلای یەکێتی و پارتی قبووڵکراوە، بەڵام بەداخەوە دەسەڵاتدارانی شیعە و سوننە لە بەغدا دەیانەوێت لە رێگەی بیری نەتەوەیی خۆیانەوە نوێنەریان لە حکوومەت هەبێت، ئەمەش هەڵەیەکە دەسەڵاتدارانی بەغدا ئەنجامیدەدەن".

ھ،م