پارێزگاری سەپێندراوی كەركووك دەستبەرداری پۆستەكەی نابێت

"راكان سەعید ناكۆكی لایەنە كوردییەكانی بە ھەل قۆزتووەتەوە"

K24 - كەركووك

پارێزگاری سەپێنراوی کەرکووك، بە بیانووی رێكکنەکەوتنی لایەنەکان تائێستا نەچووەتە پەرلەمان و سوێندی یاسایی نەخواردووە، یەکێتی نشتیمانی کوردستانیش لە بەغدا هەوڵی رازیکردنی لایەنەكانی عێراقدایە، بۆ دانانی پارێزگارێك لە پشكی حزبەكەی، بۆ ئەمەش چاوەڕوانی کۆتایی هاتنی ماوەی یاسایی سوێندخواردنی راکان سەعید جبووری پارێزگاری سەپێنراوی کەرکووک دەکەن، کە سەرەتای مانگی داھاتووە، پارتی دیموکراتی کوردستانیش پێی وایە دوای راکان، پێویستە ئەو ئەو پۆستە بدرێتە قایمقامی کەرکووك.

بێستوون زەنگەنە، پەرلەمانتاری یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق بە كوردستان24 راگەیاند: "بۆچوونێكی باش ھەیە لە بەغدا، بۆ دانانی پارێزگارێكی كورد لە كەركووك، بەتایبەتی یەكێتی كە لەدوایین ھەڵبژاردن 6 كورسی لە شارەكە بەدەستھێناوە، بۆیە پۆستی پارێزگار بە ھەقی خۆی دەزانێت پارێزگار لە یەكێتی بێت".

گوتیشی: "راكان سەعید ناتوانێ لە پۆستەكەی بمێنێتەوە، بەڵام وەزیر و پارێزگارەكان دەتوانن تا سێ مانگ لە پۆست و بەڕێكردنی كاروبارە ئیدارییەكانیان بەردەوام بن، بەڵام ئەو دەبینێ كە بۆشایی لەنێو ماڵی كوردی ھەیە و ناكۆكی لەنێوان لایەنە كوردستانییەكان ھەیە، ئەویش ئەو ھەلەی قۆزتووەتەوە".

ناكۆكی لایەنە كوردییەكان و رێكنەكەوتنیان بۆ دانانی پارێزگارێكی كورد بۆ پۆستی پارێزگاری كەركووك، بە زیانی كورد و قازانجی پێكھاتەكانی دیكە تەواو بووە. پارتی دیموكراتی كوردستان پێی باشە تا رێككەوتنی لایەنەكان قایمقامی كەركووك ئەو پۆستە بەڕێوەببات.

محەممەد کەمال، سەرۆکی لیستی برایەتی لە ئەنجوومەنی پا رێزگای کەرکووك دەڵێ: "پێویستە قایمقامی كەركووك كارە ئیدارییەكانی شارەكە بەڕێوەببات و ئەو بۆشاییە دەستووریی و یاساییە پڕبكاتەوە و تا كەسێك وەك پارێزگاری كەركووك دیار دەكرێت".

راشیگەیاند: "نەڕۆیشتنی پارێزگاری سەپێندراو بۆ ئەوەیە كە درێژە بەو پڕۆژانە بدات كە ھەیەتی بۆ تەعریب كردن و زێدەڕۆییەكان لە كەركووك. ئەگەر پەرلەمانی عێراق لەسەر ئەوە رەزامەند بێت ھەڵەیەكی گەورەی كردووە و دەستووری پێشێل كردووە".

ھ.م