بڕیارەكانی حكوومەت لەبارەی دەرمان دەچنە بواری جێبەجێ كردنەوە

لیژنەی تایبەت لە ھەموو شار و شارۆچكەكان پێكدەھێندرێت

K24 - ھەولێر

بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكانی ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی كوردستان، لەبارەی دەرمانی ساختە و قاچاخ، ئەمڕۆ كۆبوونەوەیەكی ھاوبەش بە سەرپەرشتی وەزیری ناوخۆ و تەندروستی، بە ئامادەبوونی سكرتێری ئەنجوومەنی وەزیران بەڕێوەچوو.

دكتۆر خاڵس قادر، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "ئەو كۆبوونەوەیە لەبارەی بڕیارەكانی ئەنجوومەنی وەزیران بوو، بۆ باشتر كۆنترۆڵكردنی دەرمان و رێكخستنەوەی كاروباری دەرمان".

گوتیشی: "بڕیاردرا لیژنەی ھاوبەش لەسەر ئاستی پارێزگا و قایمقامیەتەكان پێكبھێنرێت بە ئەندامیەتی نوێنەری تەندروستی و ھێزەكانی ناوخۆ، لەلایەن وەزارەتی تەندروستی رێنمایی لەسەر جێبەجێكردنی بڕیارەكان دەدرێتە لیژنەكان، بۆ ئەوەی بەرچاویان روون بێت و لە ماوەیەكی نزیكدا لە سەرتاسەری ھەرێمی كوردستان دەست دەكرێت بە جێبەجێكردنی بڕیارەكان".

جەختی كردەوە: "ئەو بڕیارانە بۆ رێگری كردنە لە دەرمانی ساختە و قاچاخ و سزاكانیش قورستركراون".

ھ.م