پێویسته‌ هه‌موو به‌رپرسانی هه‌رێم سه‌روه‌ته‌كه‌یان ئاشكرا بكه‌ن

فۆڕمی ئاشكراكردنی سه‌روه‌ت و سامان به‌سه‌ر به‌رپرساندا دابه‌ش ده‌كرێت

K24- هه‌ولێر:

سەرۆکی دەستەی دەستپاکی ھەرێم بە پێویستی دەزانێت ھەموو بەرپرسانی ھەرێمی کوردستان، فۆرمی ئاشکراکردنی سەروەت و سامانیان ئاشکرا بکەن، له‌كاتێكدا خولی چوارەمی پەرلەمان سەرکەوتوو بوو لە گەڕاندنەوەی فۆرمەکە و چاوەرێش دەکەن ئەندامانی کابینەی ھەشتەم ئەو فۆرمەیان بۆ بگەرێننەوە، پەرلەمانتارێکی خولی پێنجەمیش دەڵێت، ھەرکاتێک فۆرمەکەیان بۆ ھات ئامادەن وەکو خۆی پڕی بکەنەوە و بۆ دەستەی دەستپاکی بیگەرێننەوە.

له‌مباره‌شه‌وه‌ ئه‌حمه‌د ئه‌نوه‌ر، سه‌رۆكی ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی هه‌رێمی كوردستان دووپاتیكرده‌وه‌، سەرجەم پەرلەمانتارانی خولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستان، فۆرمی تایبەت بە ئاشکراکردنی سەروەت و سامانیان، گەراندووه‌تەوە بۆ دەستەكه‌یان و، تەواوی داواكارییه‌كانی ده‌سته‌كه‌شیان جێبەجێ کردووە.

به‌گوێره‌ی رێككاره‌كان، پێویستە ئەندامانی خولی پێنجەمیش له‌ ھەمان فۆرم، لەماوەی چوارساڵدا سەروەت و سامانیان ئاشکرا بکەن، دوای ھەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانیش، دەستەی دەستپاکی بە فەرمی فۆرمەکە بۆ ھەموو، پەرلەمانتارانی نوێ دەنێرێت، کە مەرجە لە ماوەی چوار ساڵی خولەکەیان، بە تەواوی بێگەرێننەوە دەستەکە، به‌همه‌ن كاكه‌ییش كه‌ په‌رله‌مانتارێكی خولی پێنجه‌مه‌، دووپاتی ده‌كاته‌وه‌، "هه‌ركاتێك فۆڕمه‌كه‌یان به‌ده‌ست گه‌یشت، ئه‌وان ئاماده‌ن وه‌ك خۆی پڕ بكه‌نه‌وه‌ و دواتر بۆ ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی بگه‌ڕێننه‌وه‌".

ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌، هه‌ندێك له‌ ئەندامانی کابینەی ھەشتەم فۆرمەکەیان نەگەراندووه‌تەوە، چونکە تا ئێستا لە کارەکانیان بەردەوامن.

H.B