هه‌ولێر و دهۆك له كلاسیكۆی كوردستان به‌یه‌ك ده‌گه‌ن
گه‌ڕێكی نوێ له خولی نایابی كوردستان به‌ڕێوه‌یه
له خولی نایابی تۆپی پێی كوردستان پێنجشەممە له كاتژمێر 2:30ـی ئێواره پێنج یاری له گه‌ڕی پێنجه‌می خوله‌كه به‌ڕێوه ده‌چێت، له‌م هه‌فته‌یه كلاسیكۆ كوردستان به‌ڕێوه‌یه و ده‌ربه‌ندیخانیش له نێو ئاپۆڕای هانده‌رانی میوانداریی برایه‌تی ده‌كات.
دهۆك و هه‌ولێر له كلاسیكۆی كوردستان به‌یه‌ك ده‌گه‌ن
یانه‌ی دهۆك له نێو یاریگه و به‌رده‌م هانده‌رانی بۆ به‌رده‌وامیدانی به ئه‌نجامه باشه‌كانی میوانداریی یانه‌ی هه‌ولێر ده‌كات، ئه‌م دوویانه‌یه مێژووییه‌كی پڕ له ململانێ‌یان له خوله‌كه هه‌یه، له دوایین 9 یاری نێوانیان دهۆك 5 سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ستهێناوه، 3 یارییش به یه‌كسانبوون كۆتایی هاتووه و هه‌ولێر ته‌نیا یه‌ك یاری بردۆته‌وه، ئه‌م تاكه سه‌ركه‌وتنه‌ی یانه‌كه‌ی پایته‌خت له وه‌رزی 2016 ـ 2017 بوو كاتێك له نێو یاریگه‌ی دهۆك ئاهه‌نگی سه‌ركه‌وتنتیان گێرا.
یانەی دهۆك لە ئێستادا به كۆكردنه‌وه‌ی 10 خاڵ بەھاوبەشی لەگەل پێشمەرگەی سلێمانی پێشەنگی ریزبەندی ئه‌م وه‌رزه‌ی خولی نایابی كوردستانی گرتووە، یانەی ھەولێریش بەکوکردنەوەی 6 خاڵ له خانەی پێنجەمی ریزبەندی خولەکەی دێت.
زاخۆ بۆ رووبه‌ڕبوونه‌وه‌ی نه‌ورۆز گه‌شتی سلێمانی كردووه
یانه‌ی نه‌ورۆز له یاریگای ئاشتی شاری سلێمانی باوه‌ش بۆ یانه‌ی زاخۆ ده‌كاته‌وه، ھەفتەی پێشوو ھەردوو یانە بە خاڵێک لەگەڵ رکابەرەکانیان رازیبوون، بۆیە لەم یارییەدا ھەردوو یانە نایانەوێت چیتر خاڵی زیاتر لەدەست بدەن.
یانه‌ی نه‌ورۆز ئه‌م وه‌رزه به راهێنه‌رایه‌تی خه‌سره‌و گورون له 4 یاری ته‌نیا یه‌ك سه‌ركه‌وتنی تۆمار كردووه، 2 به‌رامبه‌ربوون و شكستێكی هه‌یه، له به‌رامبه‌ردا یانه‌ی زاخۆ هێشتا له‌م وه‌رزه تامی سه‌ركه‌وتنێكی نه‌كردووه.
ئارارات ده‌یه‌وێت زامی شكسته‌كه‌ی هه‌فته‌ی پێشووی به هه‌ندرێن سارێژ بكاته‌وه
هه‌ندرێن له نێو یاریگه‌ی خۆی میوانداریی ئارارات ده‌كات، دوایینجار ئه‌م دوویانه‌یه وه‌رزی رابردوو له‌سه‌ر ئه‌م یاریگه به‌یه‌ك گه‌یشتن یارییه‌كه‌ش به‌یه‌كسانبوون به‌بێ گۆڵ كۆتایی هات، هه‌ندرێن و ئارارات مێژووییه‌كی پڕ له ململانێ و رووبه‌ڕبوونه‌وه‌ی یه‌كتریان هه‌یه، له دوایین 13 یاری نێوانیاندا، هه‌ندرێن 3 یاری بردۆته‌وه، ئاراراتیش خاوه‌نی 4 سه‌ركه‌وتنه‌وه و 6 یاریش به به‌رامبه‌ربوون كۆتایی هاتووه.
یانەی ھەندرێن کە سوودمەندی یەکەم بوو لە بریاری فیدراسیۆنی تۆپی پێی کوردستان كاتێك یارییه‌كه‌ی به‌رامبه‌ر برایه‌تی به سه‌ركه‌وتن بۆی ژهه‌مار كرا، به‌مه‌ش له ئێستادا خاوەنی ٥ خاڵە و لە پلەی شەشەم دێت، له به‌رامبه‌ردا ئاراراتیش بە دوو بردنە و بەرامبەربوونێک و شکستێک حه‌وت خاڵی كۆكردۆته‌وه و له پلەی سێیەمدایە .
ئاکرێ سه‌ردانی كه‌ركووك ده‌كات
ئاكرێ بۆ رووبه‌ربوونه‌وه‌ی گازی باكوور سه‌ردانی كه‌ركووكی كردووه، ئه‌م دوویانه‌یه بۆ یه‌كه‌مجاره له مێژووی خولی نایاب به‌یه‌ك ده‌گه‌ن، یانەی گازی باكوور لە یاری پێشوودا یه‌كسانبوون بووه به‌شی، له به‌رامبه‌ردا یانه‌ی ئاكرێ میوانی نویی خولی نایابی كوردستان هه‌فته‌ی رابردوو بۆ یه‌كه‌مجار له مێژووی خوله‌كه سه‌ركه‌وتنی تۆمار كرد.
له ئێستادا یانه‌ی گازی باكوور كه تاکە نوێنەرەکەی کەرکووک خاوەنی تەنھا 5 خاڵە و ل خانەی حەوتەم دێت، له به‌رامبه‌ردا یانه‌ی ئاکرێش تەنھا یەک بردنەوە و سێ شکستی ھەیە و خاوەن سێ خاڵە و لە پلەی دوانزەیەمی ریزبەندیدایە .
ده‌ربه‌ندیخان له نێو ئاپۆڕای هانده‌رانی میوانداریی برایه‌تی ده‌كات
یانه‌ی ده‌ربه‌ندیخان له‌به‌رده‌م هانده‌ره پڕجۆش و خرۆشه‌كه‌ی باوه‌ش بۆ برایه‌تی ده‌كاته‌وه، ده‌ربه‌ندیخان یاری له دوای یاری باشتر خۆی له‌گه‌ڵ خوله‌كه ده‌گونجێنێت و دوایینجار له‌سه‌ر یاریگه‌ی خۆی شكستی به شێروانه‌ی دراوسێی هێنا و هه‌فته‌ی پێشووتریش له نێو یاریگه‌ی هه‌ولێره‌وه به‌خاڵێك به‌ره‌و ده‌ربه‌ندیخان گه‌ڕایه‌وه.
دەربەندیخان له 4 یاری ئه‌م وه‌رزه 5 خاڵی كردۆته‌وه و له ریزبه‌ندی نۆیه‌می خوله‌كه ده‌بیندرێت، له به‌رامبه‌ردا یانه‌ی برایه‌تی كه به بریارێك دوو یاری ده‌ستپیكی ئه‌م وه‌رزه‌ی به شكست بۆ هه‌ژمار كرا به ته‌نیا خاڵێك له دوایین پله‌ی ریزبه‌ندی خوله‌كه دێت.
