ئەندامێكی ئەنجوومەنی ناوەندی یەكێتی دەستی لەكار كێشایەوە
"نادادپەروەرییەكانی ناو یەكێتی ئەوەندە زۆرن لە نامەیەكی لەمشێوەیە جێگای نابێتەوە"
K24 - ھەولێر
لە نامەیەكدا كە وێنەیەكی دەست كوردستان24 كەوتووە، ئازاد وەرتی، ئەندامی ئەنجوومەنی ناوەندی یەكێتی دەست لەكاركێشانەوەی خۆی لەو حزبە راگەیاند و دەڵێ، كاری رێكخراوەیی لەناو ئەو حزبە نەماوە و تەنیا كار بۆ كەسە نزیكەكانی دەستڕۆیشتووەكان دەكرێ.
لەو نامەیەدا كە ئاراستەی جێگری سكرتێری گشتی و مەكتەبی سیاسی و ئەنجوومەنی ناوەندی حزبەكەی كردووە ئازاد وەرتی، نووسیویەتی: "لەناو یەكێتی ھەن بە نوكێكی قەڵەمەكەیان دەیان ھەزار دۆلار تەخشان و پەخشان دەكەن، كەسانێك ئەنێرنە دەرەوەی وڵات تەنیا بۆ گۆڕینی جەوێك، كەچی سەدان و ھەزار پێشمەرگەی پەككەوتەی سەرجێگاش ھەن خەون بە تەندروستییەكی ساغەوە دەبینن".
لە بەشێكی دیكەی نامەكەی ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی ناوەندی یەكێتی ئاماژەی بەوەداوە: "ئۆرگانبەندی دامەزراوەیی و كاری رێكخراوەیی نەماوە، تەنیا كار بۆ كەسوكارە نزیكەكانی دەستڕۆیشتوان دەكرێ، بۆیە ھەرگیز خەونی كەمئەندامانی سەنگەر نایەتەدی".
ئازاد وەرتی، دەشڵێت: "نادادپەروەرییەكانی ناو یەكێتی ئەوەندە زۆرن ھەرگیز لە دوو توێی نامەیەكی لەمشێوەیە جێگای نابێتەوە".
لەو نامەیەدا نووسیویەتی: "بڕیاری دەست لەكاركێشانەوەم لە یەكێتی نیشتمانی كوردستان رادەگەیەنم و ئیتر من كەسێكی سەربەخۆم و تا پێم بكرێ كەمتەرخەمی لە خەباتی نشیتمانی و نەتەوایەتی ناكەم".
