عەباس عێراقچی: بۆ رێگەی دیپلۆماسی و جەنگ ئامادەین

عەباس عێراقچی هۆشداری دەدات و جەخت لە ئامادەیی ته‌واوی تاران بۆ هەموو سیناریۆیەکی سەربازی و دیپلۆماسی بەرامبەر بە ئەمریکا دەکاتەوە.

ئەمرۆ یەکشەممە، 4ـی تشرینی یەکەمی 2026، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران هۆشدارییەکی توندی دایە ئەمریکا لە هەر هێرشێک بۆ سەر وڵاتەکەی و جەختیکردەوە، وەڵامی تاران لە حاڵەتی رووبەڕووبوونەوەدا، لە جاران بەهێزتر دەبێت.

عێراقچی گوتیشی "ئەگەر هێرشمان بکرێتە سەر، وەڵاممان لە جاران بەهێزتر دەبێت، بەڵام ئەگەر رێڕەوی دیپلۆماسی هەڵبژێردرێت، ئێمە بۆ ئەوەش ئامادەین."

وەزیری دەرەوەی ئێران هەڵوێستی وڵاتەکەی بۆ پشتگیریکردن لە ئاشتی و رێڕەوی دیپلۆماسی بەمەبەستی چارەسەرکردنی ناکۆکی و پرسە هەڵپەسێردراوەکان لەگەڵ واشنتن دووپاتکردەوە. عێراقچی روونیکردەوە، ئەو لایەنانەی هەوڵیاندا ئێران لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی پەراوێز بخەن، لە بەدیهێنانی ئامانجەکەیان شکستیان هێنا.

ئەم لێدوانانەی وەزیری دەرەوەی ئێران هاوکاتە لەگەڵ راگەیەندراوێکی سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا کە شەممە ئاشکرایکرد، هەناردەکردنی نەوتی ئێران لە رێگەی دەریایەوە بە تەواوی راگیراوە. ئەم هەنگاوەی واشنتن وەک بەشێک لەو سیاسەتە دێت کە بۆ گۆشەگیرکردن و پەراوێزخستنی ئابووریی وڵاتەکە پەیڕەوی دەکات.

عێراقچی لە کۆتاییدا جەختیکردەوە، گەلی ئێران خوازیاری ئاشتییە و پێویستە ئەمریکا رێگەیەکی ژیرانە هەڵبژێرێت. وەزیری دەرەوەی ئێران هۆشداریشیدا "ئەگەر واشنتن پەنا بۆ بژاردەی سەربازی ببات، ئێمە لە جاران زیاتر ئامادەین."