کوەیت رەگەزنامە لە 415 کەس وەردەگرێتەوە

میری کوەیت شەش مەرسوومی تایبەتی بۆ لێسەندنەوە و هەڵوەشاندنەوەی رەگەزنامەی هاووڵاتییبوونی لە 415 کەس دەرکردووە و وەزیری ناوخۆی وڵاتەکەشی بە جێبەجێکردنی مەرسوومەکان راسپاردووە و یەکێک لەوانەی بەر مەسوومەکە کەوتووە، بازرگانێکی ملیاردێرە و خۆی و تەواوی ئەندامانی خێزانەکەی دەگرێتەوە.

رۆژنامەی 'کوەیت ئەلیەوم' ئۆرگانی فەرمیی حکوومەتی کوەیتە لە ژمارەی ئەمڕۆ یەکشەممە 4ـی تشرینی یەکەمی 2026، هەر شەش مەرسوومەکەی بڵاوکردووەتەوە، تایبەتە بە لێسەندنەوەی رەگەزنامەی کوەیتی لە 415 کەس، لە رێگەی خزمایەتی یان ژن و ژنخوازییەوە مافی هاووڵاتییبوونی کوەیتیان بەدەستهێناوە.

مەرسوومەکان بەمشێوەیە:

یەکەم: وەرگرتنەوەی رەگەزنامە لە 6 کەس

دووەم: وەرگرتنەوەی رەگەزنامە لە 286 کەس

سێیەم: وەرگرتنەوەی رەگەزنامە لە 14 ئافرەت

چوارەم: وەرگرتنەوەی رەگەزنامە لە 25 کەس

پێنجەم: وەرگرتنەوەی رەگەزنامە لە 41 کەس

شەشەم: وەرگرتنەوەی رەگەزنامە لە 43 کەس

لە بڕگەی دووەمی مەرسوومەکاندا هاتووە، جێگری یەکەمی سەرۆکوەزیران و وەزیری ناوخۆ راسپێردراوە بۆ جێبەجێکردنی ناوەڕۆکی بڕیارەکان و دوای تەواوکردنی پڕۆسەکە، ئەنجامەکان لە رۆژنامەی فەرمی کوەیت جارێکی دیکە بڵاودەکرێتەوە.

مەحموود حاجی حەیدەر عەبدوڵڵا

یەکێک لە دیارترین کەسایەتییەکانی مافی هاووڵاتییبوون و رەگەزنامەی کوەیتی لێوەردەگێرێتەوە گەورە بازرگانی وڵاتەکەیە، بە ناوی مەحموود حاجی حەیدەر عەبدوڵڵا، لە دایکبووی 1946ـە و یەکێک لە ملیاردێرەکانی کوەیت، هۆکاری هەڵوەشاندنەوەی رەگەزنامە کوەیتییەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی پێشتر هەڵگری رەگەزنامەی ئێرانی بووە.

بەگوێرەی زانیارییەکان، ئەو گەورە بازرگانە کوەیتییە، ئێستا سەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری کۆمپانیای زومورد هۆڵدینگە، سەرەتای کارکردنی دەگەڕێتەوە بۆ بانکی بەریتانیا لە کوەیت. دواتر لە وەزارەتەکانی کارەبا و ئاو لە حکوومەتی کوەیت کاری کردووە، پاشان لە بانکی کوەیت و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەستبەکاربوو. سەرەنجام بەهۆی سەرمایەکەیەوە بووەتە یەکێک لە دیارترین بازرگانەکانی خانووبەرە و لە زۆربەی بانکەکانی کوەیتیش خاوەنی پشکە.

هەرچەندە ناسنامەی سەرجەمی ئەو 415 کەسە ئاشکرا نەکراوە، بەڵام لەنێویاندا وەرزشوان، پیشگەر و خاوەن بڕوانامەی جیاواز هەن.