ترەمپ لێبوردن بۆ دوو قەل دەردەكات
پێشکەش بە کۆشک کرابوون
K24 - ھەولێر
سەرۆکی ئەمەریکا ئەمساڵ لێبوردنی بۆ دوو قەل دەرکرد. بە گوێرەی نەریتی ساڵانەی جەژنی سوپاسگوزاری، دۆناڵد ترەمپ، لە رێورەسمێکدا لە کۆشکی سپی لێبوردنی بۆ دوو قەل دەرکرد، کە بۆ جەژنەکە پێشکەش بە کۆشک کرابوون. بۆ خەڵکی ئەمەریکا قەل پێکهاتەیەکی دانەبڕاوی خوانی نیوەڕۆی رۆژی جەژنە.
ترەمپ رایگەیاند: "لەم بۆنە گەورەیەدا، خۆشحاڵم پێتان رابگەیەنم باڵندەی براوەی ئەمساڵ ناوی پیزە و رکابەرەکەی ناوی کەرۆتزە. براوەی ئەم هەڵبژاردنە لە دەنگدانێکی دادپەروەرانە و کراوە لەسەر ماڵپەڕی کۆشکی سپیدا دەستنیشان کرا. کەرۆتز شکستی قبووڵ نەکرد و داوای دووبارە ژماردنەوەی دەنگەکانی کرد، بەڵام دەبێت بە کەرۆتز بڵێم بەداخەوە ئەنجامەکان نەگۆڕاون. فەرمانی لێبوردن بۆ هەر دوو باڵندەکە دەردەکەم هەرچەندە هۆشداریان پێدەدەم کە دیموکراتەکان رەنگە بۆ لێکۆڵینەوە بانگیان بکەن".
نەریتی دەرکردنی فەرمانی لێبوردن بۆ قەلەکان کە وەک میوان لە پێش جەژنی سوپاسگوازاری پێشکەش بە سەرۆک دەکرێن لەگەڵ سەرۆك ئابراهام لینکۆڵنەوە دەستی پێکرد، چونکە کوڕەکەی بە قەلەکەی پێشکەش بە باوکی کرابوو، دڵخۆش بوو و لینکۆڵن خۆشی ئاژەڵدۆست بوو.
جەژنی سوپاسگوزاری کە جەژنی دوای کۆکردنەوەی بەرهەمی کشتوکاڵییە، لە چوارەم پێنجشەممەی نۆڤەمبر بەڕێوە دەچێت. قەل پێکهاتەیەکی دانەبڕاوی سەر خوانی نیوەڕۆی رۆژی جەژنە. هەرچەندە لە یەکەم جەژن کە لە ساڵی 1621دا بەڕێوە چوو، خەڵکەکە مراوی کێوییان لەسەر خوانەکانیان دادەنا، بەڵام لە ساڵانی دواتردا سوورکردنەوەی قەل بوو بە نەریت.