توركیا سزای پێنج ساڵ زیندانیكردنی بۆ رۆژنامه‌وانێكی كورد ده‌ركرد

K24 - هه‌ولێر:

دادگای باڵای توركیا، سزای پێنج ساڵ زیندانیكردنی بۆ رۆژنامه‌وانی كورد، ئیسماعیل چۆبان، سه‌رنووسه‌ری پێشووی رۆژنامه‌ی (Azadiya Welat) ده‌ركرد.

به‌ گوێره‌ی هه‌واڵێكی رۆژنامه‌ی زه‌مانی توركی، پێشتریش به‌ بڕیاری باری له‌ ناكاو، رۆژنامه‌ی (Azadiya Welat)، داخراوه‌، دوێنێش فه‌رمانگه‌ی حه‌وت له‌ دادگای كه‌تنی شاری ئامه‌د، بڕیاری پێنج ساڵ زیندانیكردنی بۆ ئه‌و رۆژنامه‌وانه‌ كورده‌ ده‌ركردووه‌.

وه‌ك رۆژنامه‌كه‌ ئاماژه‌ی بۆ كردووه‌، تۆمه‌تی زیندانیكردنه‌كه‌شی، ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی گوایه‌ له‌ ژماره‌ 15ی رۆژنامه‌كه‌ی له‌ ساڵی 2013، پرۆپاگه‌نده‌ی بۆ "تیرۆریستان" كردووه‌.

دادگاكه‌ روونیشی كردووه‌ته‌وه‌، چۆبان زنجیره‌یه‌ك هه‌واڵ و وتاری له‌ رۆژنامه‌كه‌یدا بڵاوكردووه‌ته‌وه‌، كه‌ "وه‌ك پرۆپانگه‌نده‌ بۆ تیرۆریستان" داده‌نرێت.

له‌ دوای هه‌وڵی كوده‌تا سه‌ربازییه‌كه‌ی ته‌ممووزی 2016، توركیا زیاتر له‌ 116 ده‌زگای راگه‌یاندنی داخست، له‌وانه‌ش ئاژانسێكی هه‌واڵی، 18 كه‌ناڵی ته‌له‌ڤزیۆنی، 22 رادیۆ و وێستگه‌، 50 رۆژنامه‌ و 20 گۆڤار.

لای خۆیه‌وه‌ رێكخراوی لێبوردنی نێوده‌وڵه‌تی "ئه‌منیستی"، داوا له‌ توركیا ده‌كات سنوورێك بۆ پێشێلكارییه‌كانی مافی مرۆڤ دابنرێت، كه‌ به‌ناوی "ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی" زیاتر له‌ 50 هه‌زار كه‌س له‌ زیندانه‌كانن و زیاتر له‌ 130 هه‌زار فه‌رمانبه‌ری كه‌رتی گشتی، له‌ كاره‌كانییان ده‌ركراون.

ئ. م