بەڤیدیۆ.. بەهۆی خراپی کەشوهەوا یاریی ئاکرێ و نەورۆز بۆ سبەی دواخرا
لەوانەیە یارییەکە لە شەقڵاوە بکرێت
بەهۆی خراپی کەشوهەواوە بەفەرمی یاریی نێونا ئاکرێ و نەورۆز بۆ سبەی شەممە دوخرا.
وابڕیاربوو دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ کاتژمێر 02:30 لە ئاکرێ لە گەڕی شەشەمی خولی نایابی کوردستان، نەورۆز ببێتە میوانی ئاکرێ، بەڵام بەهۆی بارانێکی زۆر کە چەند رۆژێکە شارەکانی کوردستانی گرتووەتەوە، چیمەنی یاریگەی یانەی ئاکرێ تێکچووە و ناتوانرێت یاریی تێدا بکرێت، گەرچی سەرەتا بڕیاردرا یارییەکە بۆ یاریگەی یانەی شێخان بگوازرێتەوە، بەڵام دوای ئەوەی سەرپەرشتیار و ناوبژیوانانی یارییەکە سەردانی ئەو یاریگەیان کرد، ئەو یاریگەیەش ئامادە نەبوو بۆ ئەوەی یارییەکەی تێدا بکرێت، بۆیە بڕیاردرا یارییەکە بۆ ماوەی 24 کاتژمێر دوابخرێت.
ئاری حوسێنی پەیامنێری کوردستان24 لە ئاکرێوە رایگەیاند، یاریگەی یانەی ئاکرێ چیمەنەکەی بەهۆی بارانەوە بە تەواوەتی تێکچووە و ناتوانرێت یاریی تێدا بکرێت و ئەگەریش هەیە سبەی شەممە کاتژمێر 02:30 یارییەکە لە شەقڵاوە بکرێت، کە چیمەنی یاریگەی یانەی شەقڵاوە دەستکردە، بەڵام هێشتا فیدراسیۆنی تۆپی پێی کوردستان ئەو یاریگەیەی دەستنیشان نەکردووە کە سبەی یارییەکەی تێدا دەکرێت.