پڕۆژەیاسای سەربازی بەزۆر لە عێراق ئامادە دەكرێت
ژمارەیەك پەرلەمانتار پشتگیری دەكەن
K24 - بەغدا
وەزارەتی بەرگری عێراق لە خولی رابردووی پەرلەماندا پڕۆژە یاسای خزمەتی سەربازی بەزۆری ئاراستەی ئەنجوومەنی شورا کردووە و چاوەڕوانیش دەکرێت لە کاتێکی نزیک و دوای پێکھێنانی تەواوی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق ئەو پڕۆژەیە رەوانەی پەرلەمان بكرێت.
لە پڕۆژە یاساكەیدا وەزارەتی بەرگری داوا دەكات، تەمەنێکی دیاریکراوی گەنجەکانی وڵات بانگھێشتی خزمەتی سەربازی بە زۆر بکرێن، ھاوشێوەی بەشێکی زۆری وڵاتان و سەردەمی حزبی بەعسی عێراق، پەرلەمانتارێکی دەوڵەتی یاساش دەڵێت "پاڵپشتی ھەنگاوی لەو جۆرە دەکەین تاکو لەو رێگایەوە ھەستی نشتیمانی و یەکڕیزی نێوپێکھاتەکان و دەستەبەری ھەلی کار بکەین".
عەدنان ئەسەدی، پەرلەمانتاری کوتلەی دەوڵەتی یاسا لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە كوردستان24 راگەیاند: "خزمەتی سەربازیی بەزۆر، ھاوسەنگی لەنێوان پێكھاتەكان دروست دەكات، ئێستا لە ھیچ یەكەیەكی سەربازیی تەواوی پێكھاتەكان نین، یان بە جۆرێكی دیكە رۆڵەكانی مووسڵ لە شارەكەی خۆیان ھی ھەولێریش بە ھەمان شێوە، خزمەتگوزاری بەزۆر رۆڵەی پابەند و نیشتمانیی دروست دەكات، كە ھەست بە خەمی گەل و مەینەتییەكانی دەكات، لە ھەمانكاتدا ھەلی كاریش زیاد دەكات".
لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق ھێشتا پڕۆژە یاسای لەو جۆرەیان بە دەست نەگەشتووە، پەرلەمانتارێكی كورد لەو لیژنەیە دەڵێت "خزمەتی سەربازی بەزۆر لە عێراقدا سەرکەوتووە نابێت، چونکە حکوومەتێکی نشتیمانی گشتگیر نییە و گەنجانیش پابەندی یاسای لەو جۆرە نابن".
ناسر ھەرکی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت: "وەك لیژنەی ئاسایش و بەرگری ھێشتا ئەو پڕۆژەمان بە دەست نەگەیشتووە، بەڵام بە بڕوای من سەربازی بەزۆر لە حكوومەتی ئێستای عێراق سەركەوتوونابێت، لەبەر ئەوەی دەبێ حكوومەتێكی نیشتمانیی بێت و لە ھەموو عێراق بتوانێ گەنجان ناچاری سەربازی بكات، بەڵام حكوومەتی عێراق ئێستا تەوافقییە".