نه‌شته‌رگه‌ری گۆڕینی زمانه‌ی دڵ له‌ كوردستان ئه‌نجام دەدرێت

نەشتەرگەرییەكە بە چاودێری تیمێکی ئەڵمانی دەكرێت

K24 - سلێمانی

بۆ یەکەمین جار لەسەر ئاستی عێراق و ھەرێمی کوردستان نەشتەرگەری گۆڕینی زمانەی دڵ بۆ ژمارەیەك نەخۆش بەسەرکەوتووی لەسلێمانی ئەنجامدرا. گەر ئەم جۆرە نەشتەرگەرییە لەدەرەوەی کوردستان ئەنجام بدرێت تێچووەکەی دەگاتە 100 ھەزار دۆلاری ئەمەریکی، بەڵام لە كوردستان بێ بەرامبەر بۆ نەخۆشخانەکان دەکرێت.

بەبێ کردنەوەی قەفەزەی سنگ لە رێگای قەستەرەوە نەشتەرگەری گۆڕینی زمانەی دڵ بۆ ژمارەیەك نەخۆش لەلایەن ژمارەیەك پزیشکی کورد بە چاودێری تیمێکی ئەڵمانی لە سلێمانی ئەنجامدرا. یەکەمین ھاووڵاتیش کە نەشتەرگەری بۆ کرا، ھاووڵاتیەکی تەمەن 83 ساڵ بوو، ئەو دوای چەند ساڵێك لە نەخۆشی و بێ ھیوابوونی، دواجار ھیوای بۆ گەڕایەوەو نەشتەرگەریەکەی سەرکەتوو بوو.

نەخۆشێکی زۆر ناوی خۆیان تۆمارکردووە، تا گۆڕینی زمانەی دڵیان بۆ بکرێت، دوای گەڕانەوەی تیمە ئەڵمانیەکەش ئەم جۆرە نەشتەرگەریە بەردەوامی ئەبێت، تا چیدی نەخۆش سەردانی وڵاتان نەکەن بۆ نەشتەرگەری، بەوتەی پزیشکانیش بێت ھەوڵی زیاتریان بۆ ئەوەیە کە نەشتەرگەریە دەگمەنەکان لەنەخۆشخانەکە ئەنجام بدەن.