"ئەمەریكا دەیەوێت پەكەكە لەناو ببات"
"پێشەنگی پیلانەكەیە"
K24 - ھەولێر
ئەندامێكی كۆمیتەی بەڕێوەبەریی پەكەكە، بڕیارەكەی ئەمەریكا بە پیلانێكی نێودەوڵەتی ناودەبات و رایدەگەیەنێت، ئامانج لێی پارچەكردنی كورد و لە ناوبردنی پەكەكەیە.
دوران كاڵكان، ئەندامی كۆمیتەی بەڕێوەبەریی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)، كە خۆی لە لیستی داواكراوانی ئەمەریكایە، بە ئاژانسی فوڕاتی سەر بە حزبەكەی راگەیاندووە "ئەمەریكا پێشەنگی پیلانگێڕی نێودەوڵەتییە و ھەوڵدەدات پیلانگێڕییەكەی 20 ساڵ لەمەوبەر كە بەرامبەر ئۆجەلان كرا، نوێی بكاتەوە".
ئاماژە بەوەش دەكات "ئەمەریكا بەو بڕیارە دەیەوێ ھێرشیان بكاتە سەر و سەریش لە خەڵكی بشێوێنێت، دەیەوێ كورد بترسێنێت و كورد پارچە بكات".
كاڵكان راشیگەیاندووە "لە ساڵانی دواییدا ئەمەریكا بە پشتگیریكردنی كورد لە رۆژئاوای كوردستان، پێگەیەكی گرنگی بۆخۆی دروست كرد، بەڵام بە بڕیاری دەستگیركردنی سەركردەكانی پەكەكە، بەھای خۆی لەدەستدا، بەو بڕیارە دەیەوێ پەكەكە لەنێو ببات، ئەوەش لەپێناو ئەوەی پەیوەندییەكانی توركیا و رووسیا بپچڕێنێت و لە دژی ئێران بەكاری بھێنێت، ئەوەش بەرژەوەند پەرستییەكی ھەرزانە".