سبه‌ی ناوی 28 كاندید بۆ پۆستی وه‌زیری به‌رگری پێشكه‌ش ده‌كرێن
5 وه‌زیر به‌بێ كێشه تێده‌په‌ڕێندرێن و 3ـی دیكه‌ش به ده‌نگی په‌رله‌مانتاران یه‌كلایی ده‌كرێنه‌وه
K24- هه‌ولێر:
فالح عيساوى, په‌رله‌مانتاری كوتله‌ی "میحوه‌ری وه‌ته‌نی"ـی عێراقی رایگه‌یاند، به‌رپرسانی عێراقی ناوی 28 كاندیدیان بۆ پۆستی وه‌زیری به‌رگری پێشكه‌ش به عادل عه‌بدولمه‌هدی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق كردووه.
ئه‌و په‌رله‌مانتاره ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، "گومانی تێدا نییه سبه‌ی پۆستی وه‌زیری به‌رگری یه‌كلایی ده‌كرێته‌وه" گوتیشی: "دوای ئه‌وه‌ی په‌رله‌مانتاران محه‌مه‌د حه‌لبوسی، سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانیان سه‌رپشك كردووه، ده‌كرێت ده‌نگ به یه‌كێك له‌و كاندیدانه بدرێت كه حه‌لبوسی پێشكه‌شی ده‌كات، بۆئه‌وه‌ی گونجاوترین كه‌س بۆ ئه‌و پۆسته هه‌ڵبژێردرێت".
به‌گوێره‌ی سایتی سومه‌ریه نیوز، عیساوی دووپاتیكرده‌وه، "دوای ئه‌وه‌ی 67 په‌رله‌مانتار سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانیان بۆ دیاریكردنی كاندیدانی پۆستی وه‌زیری به‌رگری سه‌رپشك كردووه، حه‌لبوسی ناوی 9 كاندیدی پێشكه‌ش كردووه، كه له‌لایه‌ن پێكهاته‌ی كورد و سوننی و دژه‌تیرۆری عێراقییه‌وه پێشكه‌ش كراون".
ئاشكراشیكرد، "ناوی چه‌ند كه‌سێكی دیكه‌ش له‌لایه‌ن ئه‌یاد عه‌لاوییه‌وه بۆ ئه‌و پۆسته پێشكه‌ش كراون، كه كۆی گشتی ئه‌و ناوانه‌ی بۆ ئه‌و پۆسته به‌ده‌ست عه‌بدولمه‌هدی گه‌یشتوون، گه‌یشتووه‌ته 28 كه‌س و پێویسته ته‌نیا یه‌كێكیان هه‌ڵبژێرێت"، جه‌ختیشی كرده‌وه، "چانسی بردنه‌وه و پێشینه بۆ ئه‌و ناوانه ده‌بێت كه له‌لایه‌ن حه‌لبوسییه‌وه پێشكه‌شكراون".
سه‌باره‌ت به كۆی ئه‌و 8 وه‌زاره‌ته‌ش كه هێشتا پڕنه‌كراونه‌ته‌وه، عیساوی گوتی: "عادل عه‌بدولمه‌هدی، سه‌رۆك وه‌زیران له دانیشتنی سبه‌ی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌راندا ناوی كاندیدانی ئه‌و وه‌زاره‌تانه پێشكه‌ش ده‌كات و به‌بێ كێشه ده‌نگ له‌سه‌ر 5 له‌و كاندیدانه ده‌درێت كه بۆ 5 وه‌زاره‌ت دیاریكراون، هه‌رچی ئه‌و 3 وهزارهتانهشن كه ده‌مینێنه‌وه، بۆ هه‌ر یه‌كێكیان زیاتر له كاندیدێك هه‌یه و به ده‌نگی په‌رله‌مانتاران یه‌كلایی ده‌كرێنه‌وه".
H.B