بازاڕی قاسە لە ھەرێمی كوردستان گەرمە

كڕیار و فرۆشیارەكان باسی ھۆكارەكە دەكەن

K24 - سلێمانی

چەند ساڵێکە خواست لەسەر کڕینی قاسە لەلای ھاووڵاتیان و بەرپرسانەوە زیادیکردووە، ئەگەرچی بەشێك لە کڕیاران قاسەکان تەنھا بۆ ھەڵگرتنی پێداویستی و کەلوپەلە گران بەھاکانیان بەکاردێنن، فرۆشیارانی قاسەش دەڵێن، نەبوونی سیستمی پێشکەوتووی بانکی رێگای خۆشکردووە  ھاووڵاتیان قاسه‌ بکڕن.

قاسە، کەرەستەیەك خۆشەویستی پارەدارەکان و بێ گانە لای ھەژاران، بازاڕی قاسە ھێندە گەڕم و گوڕە کەم دوکانداری فرۆشتنی قاسە ھەیە رۆژانە دانەیەك یان دووان نەفرۆشنە موشتەریەکانیان، مەرجیش نییە ئەوانەی کڕیارن، پارە یان زێرەکانیان لە قاسەکان ھەڵگرن، بەڵکو بەشێک لە کڕیاران مامەڵە و پێناسەکانیانی تێدا ھەڵدەگرن.

ئاکۆ 25 ساڵە فرۆشتنی قاسە بووەتە پیشەی رۆژانەی، ئەو نایشارێتەوە کە ساڵانێکە خواستی کڕینی قاسە زیادیکردووە، ھۆکارەکەشی بۆ نەبوونی سیستمی پێشکەوتووی بانکی لە ھەرێمی کوردستان دەگەڕێنَتەوە، چونکە ھاووڵاتیان ناچار دەبن پارە و کەلوپەلە گران بەھاکان لەماڵەکانیان ھەڵگرن. ئەو بە كوردستان24 گوت: "ئێستا قاسە بووەتە پێویستییەكی ماڵەكان، مەرج نییە تەنھا بۆ پارەبێت، ھەندێك كەس قاسەی بچووك دەكڕن بۆ ھەڵگرتنی زێڕ و كەلوپەلە گران بەھاكان".

بەشێك لە ھاووڵاتیان قاسە بە پێداویستیەکی گرنگی ماڵ دەزانن، بەڵام بەو مەرجەی کوالێتیەکەی باش بێت و ھاووڵاتیان لێی دڵنیابن کە بە ئاسانی نەشکێندرێت.

نرخی قاسەکان لە 40 ھەزار دینارەوە دەست پێدەکات بۆ دوو ملیۆن و 500 ھەزار دینار، کێشەکانیشان لە نێوان 3 کیلۆ بۆ تەنێک و 500 کیلۆگرامە، بەشێوەیەك دروستکراوە بە ئاسانی ناتوانرێت ببڕدێت یاخود بدزرێت.

ھ.م

Fly Erbil Advertisment