دارتاشێكی هۆڵه‌ندی "كه‌شتی نوح" درووست ده‌كات

بۆچی ده‌یه‌وێت كه‌شتییه‌كه‌ بگه‌یه‌نێته‌ ئیسرائیل؟

K24 - هه‌ولێر:

ملیۆنێرێكی هۆڵه‌ندی، به‌ناوی يۆهان هیوبه‌رس، كه‌شتییه‌كی هاوشێوه‌ی "كه‌شتی نوح"ی درووست كردووه‌ و ده‌یه‌وێت گه‌شتی ئیسرائیلی پێبكات.

ئه‌و پیاوه‌ هۆڵه‌ندییه‌، په‌یكه‌ری زۆربه‌ی ئاژه‌ڵه‌كانی له‌ناو كه‌شتییه‌كه‌ داناوه‌، وه‌كو مه‌یموون، فیل، زه‌رافه‌ و تیمساح.

به‌ گوێره‌ی رۆژنامه‌ی ده‌یلی مه‌یڵی به‌ریتانی، كه‌شتییه‌كه‌ چوار ساڵه‌ درووستكراوه‌، سه‌ره‌تا یۆهان ویستوویه‌تی بۆ ئۆلۆمپیادی به‌رازیل گه‌شتی پێبكات، به‌ڵام ئێستا نیازی خۆی گۆڕیوه‌ و ده‌یه‌وێت پێی بچێته‌ ئیسرائیل، كه‌ نزیكه‌ی 5 هه‌زار میل (8 هه‌زار كیلۆمه‌تر) رێگه‌ی ئاوی ده‌بڕێت.

بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش، پێویستى‌ به‌ بڕی 1.3 ملیۆن دۆلاره‌ و ده‌یه‌وێت له‌ رێگه‌ی به‌خشینه‌وه‌ كۆی بكاته‌وه‌.

یۆهان به‌ گوته‌ی خۆی، ئێستا ده‌یه‌وێت "كه‌شتیه‌كه‌" بگه‌یه‌نێته‌ ئیسرائیل و ئه‌و وڵاته‌شی به‌ "زه‌وی خوا" وه‌سف كردووه‌، بۆیه‌ ده‌یه‌وێت كه‌شتییه‌كه‌ له‌وێ له‌نگه‌ر بگرێت.

ئه‌و پیاوه‌ هۆڵه‌ندییه‌ باس له‌وه‌ ده‌كات، ره‌نگه‌ شتێكی ترسێنه‌ر بێت به‌و كه‌شتییه‌ گه‌شت بكات و به‌ گوته‌ی خۆیشی بۆیه‌ ده‌چێته‌ ئیسرائیل، چونكه‌ "كۆپی كتێبی ئایینی جووله‌كه‌ی به‌ زمانی عیبری" خوێندووه‌ته‌وه‌ و ده‌ڵێت: "هه‌موو شتێكی تێدا باسكراوه‌.

تا ئێستاش سه‌دان هه‌زار كه‌س سه‌ردانی كه‌شتییه‌كه‌یان كردووه‌ و به‌ناویدا سووڕاونه‌ته‌وه‌، كه‌ درێژییه‌كه‌ی 410 پێ ده‌بێت و پانییه‌كه‌ی 95 پێ و به‌رزییه‌كه‌ی 75 پێ ده‌بێت، جێگه‌ی 5 هه‌زار كه‌سیشی تێدا ده‌بێته‌وه‌.