ئاڵووده‌بوونی كچانی ئێرانی به نێرگیله حكوومه‌تی تاران نیگه‌ران ده‌كات
ساڵانه 100 هه‌زار كه‌س له ئێران به‌هۆی جگه‌ره و نێرگیله گیان له‌ده‌ست ده‌ده‌ن
K24- هه‌ولێر:
ئامارێكی نوێ له‌باره‌ی ئاڵووده‌بوونی كچانی ئێرانی به كێشانی نێرگیله، حكوومه‌تی تارانی تووشی شۆك كردووه، كه به‌شێوه‌یه‌كی رۆژانه ئه‌و دیارده‌یه روو له زیادبوونه و كاریگه‌ری نه‌رێنی له‌سه‌ر ته‌ندرووستی و ژینگه‌ی ئه‌و وڵاته هه‌یه.
محه‌مه‌د ره‌زا مه‌سجدی، سه‌رۆكی ده‌سته‌ی نیشتیمانی بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی نه‌خۆشییه گوازراوه‌كان له ئێران، هۆشداری له زیادبوونێكی نائاسایی ئاڵووده‌بوونی كچانی وڵاته‌كه‌ی له كێشانی نێرگیله دا و ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، "نزیكه‌ی 35%ی كچان و ئافره‌تانی ئێرانی به‌شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وام نێرگیله به‌كارده‌هێنن".
میدیا فهرمهییكانی كۆماری ئیسلامی له مهسجدییان گواسته‌وه، "توتنی نێرگیله ژه‌هراوی و بكوژه، له‌كاتێكدا خه‌ڵكی ئێران به گشتی و كچان و ئافره‌تان به‌تایبه‌ت، به‌بێ ئه‌وه‌ی د‌رك به زیانه‌كانی بكه‌ن، ئه‌و مادده مه‌ترسیداره به‌شێوه‌یه‌كی رۆژانه به‌كارده‌هێنن، كه ده‌بێته هۆی نه‌خۆشییه‌كانی دڵ، شێرپه‌نجه و لووله‌كانی خوێن".
هه‌روه‌ك ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "به‌م دواییانه كێشانی نێرگیله له‌ناو كچان و ئافره‌تان به‌شێوه‌یه‌كی به‌ربڵاو ته‌شه‌نه‌ی كردووه و بۆ رێگریكردن له‌و دیارده مه‌ترسیداره، پێویستیمان به رۆشنبیریێكی زیاتری هۆشیاری هه‌یه".
په‌یوه‌ست به ئه‌گه‌ری به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی جگه‌ره و توتنی نێرگیلهش به‌هۆی سزاكانی ئه‌مه‌ریكا بۆ سه‌ر ئێران، مه‌سجدی گوتی: "سزاكانی ئه‌مه‌ریكا ئه‌وه‌نده كاریگه‌ری له‌سه‌ر نرخی ئه‌و مادده زیانبه‌خشانه نییه، چونكه له 90% بۆ 98% توتن له ناوخۆی ئێران به‌رهه‌م ده‌هێندرێت و رێژه‌یه‌كی زۆر كه‌م له‌ده‌ره‌وه هاورده ده‌كرێت".
هه‌روه‌ها ئاشكرایكرد، "12%ی خه‌ڵكی ئێران جگه‌ره‌كێشن، له 3%ی ئه‌و رێژه‌یه‌ش ئافره‌تن"، گوتیشی: "ساڵانه 6 ملیۆن كه‌س به‌هۆی تووتن و به‌رهه‌مه‌كانییه‌وه له جیهان گیان له‌ده‌ست ده‌ده‌ن، كه له‌و ژماره‌یه 100 هه‌زار كه‌سیان به‌س له ئێرانن، بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئه‌و دیارده‌یه‌ش پێویستمان به رێوشوێنی پێویست هه‌یه، چونكه جگه‌ره‌كێشان نه‌ك ته‌نیا بۆ به‌كارهێنه‌ره‌كان به‌ڵكو زۆربه‌ی نه‌خۆشییه‌كانی كه‌سانی دیكه‌ش به‌هۆی توتنه‌وه تووشیان ده‌بێت، له‌پێشه‌وه‌ش نێرگیله".
H.B