باوكێك كچه‌كه‌ی به‌ 500 سه‌ر چێل و سێ ئۆتۆمبێل ده‌فرۆشێت

باوكێك له‌ رێگه‌ی فه‌یسبووكه‌وه‌ كچه‌كه‌ی خستووه‌ته‌ زیادكردنی ئاشكرا

K24 - هه‌ولێر:

باوكێك له‌ باشووری سوودان، له‌ رێگه‌ی تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووكه‌وه‌، كچه‌ 17 ساڵییه‌كه‌ی خسته‌ زیادكردنی ئاشكراوه‌ و دواجار پیاوێكی ده‌وڵه‌مه‌ند كڕیویه‌تی، كه‌ 30 ساڵ له‌ كچه‌كه‌ گه‌وره‌تره‌.

كچه‌ ناوی ئه‌لیزابێس نیالۆنگه‌ و ته‌مه‌نی 17 ساڵه‌‌، خاوه‌ن باڵایه‌كی به‌رزه‌ و پیاوێكی ده‌وڵه‌مه‌ند‌، به‌رامبه‌ر به‌ 500 سه‌ر چێڵ و 3 ئۆتۆمبێل له‌ باوكه‌كه‌ی كڕیوه‌ و هاوسه‌رگیری له‌گه‌ڵدا كردووه‌.

به‌ گوێره‌ی رۆژنامه‌ی واشنتن پۆستی ئه‌مه‌ریكیش، بڵاوبوونه‌وه‌ی هه‌واڵه‌كه‌، مشتومڕی زۆری له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان درووست كردووه‌.

ئه‌و پیاوه‌ی كچه‌كه‌ی كڕیوه‌، بازرگانێكی دیاره‌ و ناوی (كۆك ئالات)ـه‌، له‌سه‌ر كڕینی ئه‌و كچه‌ش له‌ فه‌یسبووك، له‌گه‌ڵ چوار كه‌سی دیكه‌ی بووه‌ته‌ پێشبڕكێیان و دواجار ئالات كچه‌كه‌ی كڕیوه‌.

به‌ گوێره‌ی هه‌واڵێكی وێبسایتی رووسیه‌لیه‌وم، ئه‌و بازرگانه‌ له‌ به‌رامبه‌ر به‌ده‌ستهێنانی كچه‌كه‌ 500 سه‌ر چێڵ، 3 ئۆتۆمبێل، 10 هه‌زار دۆلار، دوو بایسكیل، به‌له‌مێك و چه‌ندین ئامێری مۆبایلی به‌ باوكی كچه‌كه‌ داوه‌.

رووداوه‌كه‌ نزیكه‌ی مانگێك پێش ئێستا روویداوه‌ و له‌ 3ی تشرینی دووه‌م/ نۆڤه‌مبه‌ری ئه‌مساڵیش، له‌ ده‌ریاچه‌یه‌كی رۆژهه‌ڵاتی ئه‌و وڵاته‌، ئاهه‌نگی هاوسه‌رگیریان ئه‌نجامداوه‌.

به‌ گوێره‌ی ئاژانسی هه‌واڵی ئه‌سۆشیه‌تید پرێسیش، ئه‌لیزابێسی 17 ساڵی، نۆیه‌مین هاوسه‌ری ئه‌و بازرگانه‌یه‌.

ئه‌گه‌رچی له‌لایه‌ن رێكخراوه‌كانی مافی مرۆڤه‌وه‌، ئه‌و كاره‌ به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی بازاڕی فرۆشتنی كۆیله‌ و به‌ كۆیله‌كردنی ژنان داده‌نرێت، به‌ڵام هۆزه‌كه‌یان رێگه‌یان به‌وه‌داوه‌ كچانییان له‌ ته‌مه‌نی بچووكتر و له‌ رێگه‌ی زیادكردنی ئاشكراوه‌ به‌ شوو بده‌ن.

سه‌رچاوه‌: رووسیه‌لیه‌وم