یەكێتی: دەبێ ھەڵەكانی كابینەی پێشوو دووبارە نەكرێنەوە

"بناغەیەكی پتەو لە پەیوەندیی لایەنە سیاسییە كاریگەرەكان بێتە ئاراوە"

K24 - سلێمانی        

له‌باره‌ی پێكهێنانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و ئه‌زموونی كابینه‌ی هه‌شته‌م،ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان رایدەگەیەنێت، بەشێك لە كێشەكانی كابینەی رابردوو پەیوەندی بە ناوخۆیی یەكێتییەوە ھەبوو. ئەوەش دەخاتەڕوو دەبێ ھەڵەكانی رابردوو دووبارە نەكرێنەوە.

فەرید ئەسەسەرد، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە كوردستان24 راگەیاند: "دەبێ دان بەوەدابنێین كێشەكانی كابینەی رابردوو بەشێكی پەیوەندی بە كێشە ناوخۆییەكان و كەمتەرخەمی یەكێتییەوە ھەبوو، بەڵام بەشێكی دیكە رەنگە پەیوەندی بە ھەلومەرجی كابینەی پێشووی حكوومەتی ھەرێم ھەبووبێت، چونكە دەرفەتێكی گونجاوی نەڕەخساندبوو، بۆ ئەوەی بتوانین بۆشاییەكان پڕبكەینەوە".

گوتیشی: "ئەگەر مەبەستمان بێت شەراكەتی راستەقینە ھەبێت و بناغەیەكی پتەو لە پەیوەندیی لایەنە سیاسییە كاریگەرەكان بێتە ئاراوە، دەبێ ھەڵەكانی چوارساڵی پێشوو دووبارە نەكرێنەوە".

ھەرچەندە پارتی دیموكراتی كوردستان لە كابینەی رابردوو رێگەی نەدا پۆستە بەتاڵەكان كاریگەری لەسەر راییكردنی كاروباری ھاووڵاتییان ھەبێت و بەشێك لە پۆستە بەتاڵەكانی لایەنەكانی دیكەشی بە وەكالەت پڕكردنەوە. بەرپرسێكی پارتیش دەڵێ، ھەقوایە لە كابینەی داھاتووی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان سوود لە ئەزموونی رابردوو وەربگیرێت و ھەر لایەنێك ئەگەر نەتوانێت پۆستێك بەڕێوەببات با لەسەرەتاوە وەرینەگرێت.

ئالان حەمە سەعید، بەرپرسی لقی 21ی پارتی لە سلێمانی دەڵێت: "بۆ قۆناخی ئایندە كە پارتی خاوەن 45 كورسی پەرلەمانییە وادەخوازێت كە لەسەر دوو ئاراستە كاربكرێت، ئێمە شەراكەتمان ھەبێت لەگەڵ لایەنەكان لە پرۆسەی سیاسی، ھەروەھا حكوومەتێكی ھاوپەیمانی پێك بھێندرێت".