پێشمه‌رگه‌ی سلێمانی بۆ پارێزگاریكردن له پێشه‌نگ گه‌شتی كه‌ركووكی كردووه
هه‌ولێر بۆ رووبه‌ڕبوونه‌وه‌ی شێروانه گه‌یشتۆته كه‌لار
له گه‌ڕی حه‌وته‌می خولی نایابی كوردستان ئێواره‌ی هه‌ینی به ئه‌نجامدانی 3 یاری كۆتایی به یارییه‌كانی ئه‌م گه‌ڕه دێت، له یاری لوتكه‌دا له دێربی بادینان دهۆك و زاخۆ رووبه‌ڕووی یه‌كتر ده‌بنه‌وه، یانه‌ی هه‌ولێریش بۆ رووبه‌ڕبوونه‌وه‌ی شێروانه گه‌شتی كه‌لاری كردووه، له كه‌ركووكیش گازی باكوور و پێشمه‌رگه‌ی سلێمانی به‌یه‌ك ده‌گه‌ن.
دهۆك و زاخۆ له دێربی بادینان رووبه‌ڕووی یه‌كتر ده‌بنه‌وه
هه‌میشه رووبه‌ڕبوونه‌وه‌ی نێوان دهۆك و زاخۆ له كه‌شوهه‌وایه‌كی پڕ كێبڕكێ و توند به‌ڕێوه ده‌چێت.
دهۆك ئه‌م وه‌رزه به پێكهاته‌یه‌كی تۆكمه هاتۆته نێو ململانێی بردنه‌وه‌ی ناسناوه‌كه، ئه‌م وه‌رزه دهۆك یاریگه‌ی خۆی به‌ڕووی میوانه‌كاندا كردۆته دۆزه‌خ، ته‌نیا هه‌ولێر له‌م یاریگه‌یه به یه‌كسانبوون رزگاری بوو، هه‌ریه‌كه له پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر و زێره‌ڤانی ئه‌م وه‌رزه له‌سه‌ر یاریگه‌ی دهۆك 6 جار تۆڕه‌كه‌یان هه‌ژێندرا.
له به‌رامبه‌ردا یانه‌ی زاخۆ به سه‌ره‌تایه‌كی خراپ پێشوازی له خولی نایابی ئه‌م وه‌رزه كردووه، له كۆی 6 یاری، 7 خاڵی كۆكردۆته‌وه و 4 به‌رامبه‌ربوون و یه‌كسانبوونێك و سه‌ركه‌وتنێكی هه‌یه، دهۆكیش به 12 خاڵ له پله‌ی سێیه‌م دێت و له ئه‌گه‌ری بردنه‌وه‌ی له زاخۆ راسته‌وخۆ بۆ خانه‌ی دووه‌می ریزبه‌ندییه‌كه سه‌رده‌كه‌وێت.
له دوایین 7 یاری نێوانیان، زیاتر مێژوو له‌به‌رژه‌وه‌ندی زاخۆ بووه، به‌وپێیه‌ی زاخۆ 3 یاری بردۆته‌وه و 3 یاریش به یه‌كسانبوون كۆتایی هاتووه، دهۆكیش ته‌نیا یه‌ك یاری بردۆته‌وه، به‌ڵام له‌و یارییه‌دا گۆڵبارانی زاخۆی كرد كاتێك له وه‌رزی 2012 ـ 2013 دهۆك به پێنج گۆڵ به‌رامبه‌ر تاكه گۆڵێك شكستی به زاخۆ هێنا.
كه‌لار یاریی شێروانه و هه‌ولێر له باوه‌ش ده‌گرێت
له شارۆچكه‌ی كه‌لار، شێروان و هه‌ولێر رووبه‌ڕووی یه‌كتر ده‌بنه‌وه، شێروانه له ڕووی ده‌روونییه‌وه له دۆخێكی باشدان، به‌تایبه‌تی دوای ئه‌وه‌ی له گه‌ڕی رابردوو، وه‌لید محه‌مه‌د راهێنه‌ری نوێی شێروانه یه‌كه‌مین بردنه‌وه‌ی كرده شیرینی به‌ده‌ستبه‌كاربوونی، كاتێك به گۆڵێكی بێوه‌ڵام شكستی زێره‌ڤانی هێنا.
له به‌رامبه‌ردا هه‌ولێر گه‌ڕی رابردوو تووشی قورسترین شكست بوو له‌م وه‌رزه كاتێكی به 3 گۆڵی بێوه‌ڵام له‌سه‌ر یاریگه‌ی خۆی و له‌به‌رده‌م هانده‌رانی به پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر دۆڕا.
رووبه‌ڕبوونه‌وه‌ی شێروانه و هه‌ولێر له كاتێكدایه كه پێشووتر راهێنه‌ری ئه‌م دوویانه‌یه (وه‌لید محه‌مه‌د عه‌بدوڵڵا مه‌حموود) به‌یه‌كه‌وه له یانه‌ی گازی باكوور یاریده‌ده‌ر و راهێنه‌ر بوون، بۆیه زۆر به‌باشی شاره‌زای یه‌كترن.
له‌م یارییه‌دا هه‌ولێر ده‌یه‌وێت هه‌ڵسانه‌وه‌ی خۆی له كه‌لاره‌وه رابگه‌یه‌نێت و شێروانه‌ش مه‌به‌ستییه‌تی درێژه به سه‌ركه‌وتنه‌كانی بدات.
گازی باكوور و پیشمه‌رگه‌ی سلیمانی
له یارییه‌كی دیكه‌دا پێشمه‌رگه‌ی سلێمانی بۆ رووبه‌ڕبوونه‌وه‌ی گازی باكوور روویكردۆته شاری كه‌ركووك، ئه‌ركی گازی باكوور له‌م یارییه زۆر قوڕسه، چونكه میوانداری تیپێك ده‌كات ئه‌م وه‌رزه ئاوڕی له شكست نه‌داوه‌ته‌وه و لوتكه‌ی خوله‌كه‌شی بۆ هیچ یانه‌یه‌ك چۆل نه‌كردووه.
له به‌رامبه‌ردا ئه‌رسه‌لان جه‌لالی راهێنه‌ری پێشمه‌رگه‌ی سلێمانی ده‌یه‌وێت له نێو كه‌ركوك پارێزگاری له پێشه‌نگی خوله‌كه بكات، ئه‌م دوو یانه‌یه له خولی پله یه‌كی عێراقیش به‌یكه‌وه یارییان كردووه باش شاره‌زای یه‌كترن، پیشمه‌رگه‌ی سلێمانی به 14 خاڵ، پله‌ی یه‌كه‌می گرتووه، نوێنه‌ره‌كه‌ی كه‌ركوكیش له كۆی 6 یاری، 7 خاڵی ده‌ستخستووه.