زیاتر لە 760 جار داوایەك لەبارەی ئۆجەلان رەتدەكرێتەوە

زیاتر لە دووساڵە كەسوكاری ئۆجەلان نەیانتوانیوە سەردانی ئیمراڵی بكەن

K24 - ھەولێر

جارێكی دیكە بنەماڵەی ئۆجەلان بۆ بینینی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری بەندكراوی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) سەردانی داواكاری گشتی توركیایان كرد، كە تائێستا زیاتر لە 760 جار پارێزەرانی ئۆجەلان ئەو داوایەیان كردووە.

بە گوێرەی میدیاكانی نزیك لە پەكەكە دوێنێ، ھەر یەك محەمەد ئۆجەلان برای عەبدوڵڵا ئۆجەلان و فاتمەی خوشکی، بە مەبەستی بینینی عەبدوڵڵا ئۆجەلانی برایان لە پارێزگای بورسا سەردانی داواكاری گشتی توركیان كردووە و جارێكی دیكە داوایان كردووە، كە رێگەیان پێبدرێت سەردانی ئیمراڵی بكەن و چاویان بە ئۆجەلان بكەوێت.

پێشتر پارێزەر و بنەماڵەی ئۆجەلان، چەندین جار داوای بینینی ئۆجەلانیان كردووە، بەڵام دواجار لە 11/9/2016 محەمەد ئۆجەلانی برای لە ئیمراڵی چاوی بە عەبدوڵڵا ئۆجەلان كەوتووە.

لە سەرەتای پڕۆسەی ئاشتی لە توركیا شاندێك لە پەرلەمانتارانی ھەدەپە كە بە شاندی ئیمراڵی ناسرابوو، چەند جارێك چاویان بە ئۆجەلان كەوت، جگە لە گەیاندنی پەیامی پەكەكە بۆ ئیمراڵی لە ھەمانكاتدا چەند نامەیەكی ئۆجەلانیشیان لەبارەی پرۆسەی ئاشتی گەیاندە قەندیل. بەڵام لە 5/4/2015، ئەو دەرگایە بە رووی شاندی ئیمراڵی داخرا و دواتریش پرۆسەی ئاشتی شكستی ھێنا.

عەبدوڵڵا ئۆجەلان، لە 15 شوباتی 1999، لە پرۆسەیەکی ھەواڵگرییدا، لە کینیا دەستگیرکرا و بە فڕۆکەیەکی تایبەتی تورکیا لە لایەن رفێنەرەکانییەوە گواسترایەوە بۆ ئەنقەرە و لە دوورگەی ئیمڕاڵی بەندكرا. بەپێی میدیاكانی پەكەكە تائێستا پارێزەرانی ئۆجەلان 768 جار داوای بینینی ئۆجەلانیان كردووە و داواكەیان رەتكراوەتەوە.

محەمەد ئۆجەلان برای عەبدوڵڵا ئۆجەلان لەكاتی سەردانی بۆ داواكاری گشتی
محەمەد ئۆجەلان برای عەبدوڵڵا ئۆجەلان لەكاتی سەردانی بۆ داواكاری گشتی

ھ.م