"ژمارەی تووشبوانی ئایدز لە ھەرێمی كوردستان لە ھەموو وڵاتانی دەوروبەر كەمترە"

ئەو بیانیانەی دێنە ھەرێمی كوردستان پشكنینیان بۆ دەكرێت

K24 - سلێمانی

ئەمڕۆ رۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی ئەیدزە و لە زۆربەی وڵاتان ھەڵمەتی ھۆشیاركردنەوەی ھاووڵاتیان بەڕێوەدەچێت و خەڵكی لە مەترسییەكانی ئەو ڤایرۆسە ئاگادار دەكرێنەوە. دكتۆرێكی شارەزا لەو ڤایرۆسەش دەڵێ، ژمارەی تووشبوانی ئایدز لە ھەرێمی كوردستان لە ھەموو وڵاتانی دەوروبەر كەمترە.

نەخۆشی ئایدز یان ڤایرۆسی نەھێشتنی سیستمی بەرگری لەش، نەخۆشیەکی بەربڵاوه لە جیھان، بەڵام لە ھەرێمی کوردستان بەھۆی ئەو رێوشێینە توندانەی گیراوەنەتە بەر لەکاتی ھاتنی بیانییەکان، حاڵەتەکان کەمیکردووە، چونکە کەسی تووشبوو دوای 24 کاتژمێر لەپشکینن راستەخۆ دەگەڕێندرێتەوە بۆ وڵاتی خۆی.

دوای 37 ساڵ لە دەست نیشانکردنی یەکەمین حاڵەتی ئایدز، نەخۆشیەکە بە گشتی مەترسیە سەرەتاکانی لەسەر مرۆڤایەتی نەماوە،  چونکە تێگەشتنی زانستیانە بۆ رووبەڕوو بوونەوەی نەخۆشیەکە ھەیە و رێوشوێنی توند گیراونەتە بەر.

سوارە محەمەد، لێپرسراوی ھۆبەی شیکاری شاندکراوەکان لە سلێمانی بە كوردستان24 راگەیاند: "ھەر كەسێكی بیانی بێتە ناو ھەرێمی كوردستان دەبێ پشكنینی تایبەتی بۆ دەكرێت، سلێمانی كە ئێستا كەمترین حاڵەتی ئایدزی تیایە، ئەمەش بەھۆی ئەو ئیجرائاتانەیە كە دەكرێت".

نەخۆشیەکە لە رێگای گواستنەوەی خوێن لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیكە یان کرداری سێکسی یان گواستنەوە لە دایکەوە بۆ کۆرپەکەی مرۆڤ تووشی ئەبێت، لە تاقیگەکانیش لەماوەی کەمتر لە دوو کاتژمێر دەرئەنجامەکەی  بە دەر دەکەوێت.

بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی ھیچ ئامارێك لەسەر ئەو تووشبوانەی لە کوردستانن ناخاتەڕوو، تەنھا ئاماژە بۆ ئەوە دەدات کە دوو ھێندەی ساڵی پار ئەو بیانیانەی کە ھەڵگری ڤایرۆسەکەن گەڕێندراونەتەوە بۆ وڵاتی خۆیان.

د. فەرھاد مەجید، لێپرسراوی ھۆبەی ئایدز و ھەوکردنی جگەری ڤایرۆسی لە بەڕێوەبەرایەتی خۆپاراستنی سلێمانی بە كوردستان24 گوت: "حاڵەتی تووشبوون بە ئایدز لە ھەرێمی كوردستان بەراورد بە وڵاتانی دەوروبەر لە ھەموویان كەمترە، ئەوانەشی كە تووش بوونە ئەوانەن كە بیانین و لە كوردستان داوای مانەوە دەكەن، بەپێی یاسای تەندروستی عێراق ھەر كەسێك تووشی ئەو ڤایرۆسە ببێت دەگەڕێندرێتەوە وڵاتەكەی خۆی".

بۆیەکەمجار لە ساڵی 1981 ئایدز لە ئەمەریکا لەنێو بەکارھێنەرانی مادە ھۆشبەر و ھاوڕەگەزبازەکان دۆزرایەوە، دوای چەندین لێکۆڵێنەوە لەسەر نەخۆشەکان، ئاشکرا بوو نەخۆشیەکە تەنیا تایبەت بە ھاوڕەگەزبازەکان نییە، بەو ھۆیەوە لەساڵی 1982 نەخۆشیەکە ناوی لێنرا( ئایدز) و لە ساڵی 1988 بە مەبەستی بڵاوکردنەوەی ئاگاداری لەنێو خەڵکی، ھەروەھا چۆنێتی خۆپاراستن لێی، یەکی کانوونی دووەمی ھەموو ساڵێك بە رۆژی جیھانی ئایدز دەستنیشانکرا و لەم ساڵانەی دوایشدا ھێمای دەسرۆکەی سوور وەك ھێمای بەرەو رووبەڕوو بوونەوە لەئایدز دەست نیشانکرا.

ھ.م