دوكاندارانی بازاڕی لەنگەی ھەولێر ناڕازین
"كاركردن سستە و بەڵێنەكان لەكاتی خۆی جێبەجێ نەكراون"
K24 - ھەولێر
ژمارەیەك لە دوكاندارانی بازاڕی لەنگەی ھەولێر ناڕازین لە سستی كارەكانی نۆژەنكردنەوەی بازاڕەكە و دەڵێن، ئەو بەڵێنانەی كە پێشتر پێیاندرابوو بۆ چاككردنەوەی بازاڕەكە لە وادەی خۆی جێبەجێ نەكراوە.
یەكێك لە دوكاندارەكان بە كوردستان24 گوت: "پێشتر شارەوانی و پارێزگاری ھەولێر بەڵێنیان پێدابووین كە لەماوەی 35 رۆژدا دەست بە نۆژەنكردنەوەی بازاڕەكە بكرێت، ئێستا كەرەستەی كاركردنیان ھێناوە، بەڵام ھێشتا خزمەتگوزاری بۆ یەك كۆڵانیش نەكراوە، پێویستە پەلە بكرێت لەو كارانەی كە حكوومەت خستویەتیە ئەستۆی خۆی، ئەگەر پەلە نەكرێت رەنگە 6 مانگی دیكە كارەكان تەواو نەكرێت و ئێمەش توانای چاوەڕێ كردنمان نەمێنێت".
دوكاندارێكی دیكەی بازاڕی لەنگەی ھەولێر دەڵێ: "ماوەی 11 رۆژە دەست كراوە بە شوێنی ئاوەڕۆی بازاڕەكە و تائێستا 11 مەتری تەواو كراوە، ئەگەر ئیشەكەیان پێناكرێ با وازبێنن وەك كارەكانی پێشتر كردوومانە خۆمان دەیكەین".
لە بەرامبەردا بۆتان خۆشناو، بەڕێوەبەری شارەوانی 4ی ھەولێر بە كوردستان24 راگەیاند: "لە چەند رۆژی رابردوودا كەشوھەوا لەبار نەبووە بۆ كاركردن، ئەگەرنا بەشێكی خزمەتگوزارییەكان تەواو دەكران، ھەوڵدەدەین بە لەبەرچاوگرتنی كولێتی لە ماوەیەكی كەمدا خزمەتگوزارییەكان تەواو بكەین".
ھ.م