ئەمشەو لە پاریس براوەی خەڵاتی بالۆن دۆر ئاشکرا دەکرێت

ئەمشەو ریال مەدرید ریکۆردێکی بارسێلۆنا هاوتا دەکاتەوە

ئه‌مشه‌و کاتژمێر 10:30ی شەو لە پاریسی پایتەختی فڕەنسا ناسنامه‌ی براوه‌ی خه‌ڵاته‌ زێریه‌نه‌كه‌ی تۆپی پێ، بالۆن دۆر یه‌كلایی ده‌كرێته‌وه‌ و پێشبینی دەکرێت لۆکا مۆدریچ خەڵاتەکە بەدەست بهێنێت.

30 یاریزان له‌سه‌ر ئاستی جیهان ركابه‌ری بردنه‌وه‌ی خەڵاتەکە ده‌كه‌ن، كه‌ ماوه‌ی 10 ساڵه‌ كریستیانۆ رۆناڵدۆ و لۆنیل مێسی ده‌ستیان به‌سه‌ر ئه‌و خەڵاتەدا گرتووه‌ و قۆرخیان كردووه‌.

ئەمشەو لە پاریس لە تەنیشت تاوەری ئیفل، بۆ دووەمساڵ لەسەر یەک گۆڤاری فڕانس فووتبۆڵ بە شێوازێکی تایبەت و جیاواز براوەی خەڵاتی بالۆن دۆر ئاشکرا دەکات و تۆپە زێڕینەکەی پێشکەش دەکات.

خەڵاتی بالۆن دۆر بە دەنگی پەیامنێرەکانی گۆڤاری فڕەنسییەکە یەکلا دەکرێتەوە و داڤید جینۆلای ئەستێرەی پیشووی فڕەنسی خاڵەتەکە پێشکەشی باشترین یاریزانی جیهان دەکات، کە ساڵی رابردوو کریستیانۆ رۆناڵدۆ بەدەستیهێنا.

زۆربەی میدیاکانی ئەوروپا پێشبینی دەکەن ئەمشەو دوای دە ساڵ جیاواز لە کریستیان و مێسی یاریزانێکی دیکە بالۆن دۆر بەدەست بهێنێت، ئەویش لۆکا مۆدریچە، ئەو ناوەڕاستکارە کڕواتییە دوای بەدەستهێنانی خەڵاتی باشترین یاریزانی ئەوروپا و زە بێست بەربژێری سەرەکییە بۆ ئەوەی ئەمشەو لە پاریس خەڵات بکرێت.

کریستیانۆ و مێسی لەوەتەی 2008وە ئەم خەڵاتەیان قۆرخکردووە، هەموو ساڵێک لە سێ یەکەمەکەی پێشەوە دێن، بەڵام بەگوێرەی چەند سەرچاوەیەکی میدیایی ئەگەر هەیە دوای یازدە ساڵ بۆیەکەمجار ناوی مێسی لە سێ پلەکەی پێشەوە نەبێت.

پێشبینی دەکرێت ئەمشەو لۆکا مۆدریچ بە بەدەستهێنانی خەڵاتەکە یازدەمین تۆپی زێڕین بۆ ریال مەدرید بەدەست بهێنێتو ئەو یانە مەدریدییە ریکۆردی بارسێلۆنا هاوتا بکاتەوە، کە لەسەر ئاستی یانەکان بلاوگرانا یازدە جار یاریزانەکانی ئەم تۆپە زێڕینەیان بەدەستهێناوە.

ئەمساڵ جگە لە باشترین یاریزانی پیاو، فڕانس فووتبۆڵ باشترین خانمەیاریزانی ساڵیش دەتسنیشان دەکات و خەڵاتێکی تایبەتیش لە ژێر ناوی کۆپا بە باشترین یاریزانی خوار 21 ساڵان دەدات، کە پێشبینی دەکرێت کیلیان مباپێ یەکەم وەشانی خەڵاتی کۆپا بەدەست بهێنێت.