له‌سه‌ر كێشه‌كانی كه‌ركووك شاندێکی پارتی دەچێتە بەغدا

چەند پرسێك لەگەڵ بەرپرسانی بەغدا تاوتوێ دەكەن

K24 - كەركووك

بڕیارە هەفتەی داهاتوو شاندێکی پارتی دیموکراتی کوردستان سەردانی بەغدا بکات و لەگەڵ بەرپرسانی عێراق کۆببێتەوە. لەبارەی گەڕانەوەی ئەو حزبە بۆ کەرکووك و رادەستکردنەوەی بارەگاکانییان، پارتی دەیەوێت هێزە سەربازییەکانی عێراق لەو شارە بچنە دەرەوەو بارودۆخی ئەمنی شارەکە ئاسایی بکرێتەوەو مەلەفی ئەمنی شارەکە لای پۆلیسی خۆجێی بێت.

بەشێك لە بارەگاکانی پارتی لە کەرکووك دوای زیاتر لە ساڵێك هێشتا داگیرکراون، هەندێك لەو بارەگایانەش ئێستا چۆڵکراون، بەڵام رادەستی ئەو حزبە نەکراونەتەوە.

لایەنە سیاسییە کوردییەکان دەیانەوێت پارتی بگەڕێتەوە شارەکە، هەنگاوەکانی پارتیان پێی باشە کە لە بەغداوە دەستیپێکردووە، بەڵام لایەنەکان چاویان لەوەیە کە دۆخی ئەمنی کەرکووك ئاسایی بکرێتەوە پێش هەر بڕیارێکی سیاسی.

رەسوڵ رەوف، بەرپرسی مەڵبەندی کەرکووکی حزبی سۆسیالیستی کوردستان بە كوردستان24 گوت: "پارتی دیموكراتی كوردستان حزبێكی كوردستانییە و دەبێ بگەڕێتەوە كەركووك، نەگەڕانەوەشی لە ساڵی رابردوودا زیانی لە ئەندام و كادیرانی خۆی داوە، لە ھەمانكاتدا دەسەڵاتی كوردی لە شارەكە لاسەنگی پێوەدیارە. ئەگەر پارتی و یەكێتی پێكەوە رێكنەكەون ناتوان فشار بخەنە سەر حكوومەتی عێراق".

جیا لە پارتی شاندێكی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانش لەبەغدایە، شاندەكەی یەکێتی بۆ دوو پرسە چوونە، یەکەم وەرگرتنی پۆستی وەزارەتی دادی عێراق، دووەم ئاساییکردنەوەی بارودۆخی کەرکووك.

بێستون زەنگەنە، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتی دەڵێ: "شاندێكی یەكێتی لە بەغدایە بۆ گفتوگۆكردن لەسەر بارودۆخی كەركووك و وەرگرتنی پۆستی وەزارەتی دادی عێراق".

زۆربەی لایەنە سیاسییەکان پێیانوایە لەم قۆناخەدا پێویستە یەك دەست و یەکدەنگ بن، چونکە هەڕەشەکانی داعش مەترسیان لەسەر ئەمنییەتی باشووری کەرکووك دروست کردووە.